هەڵکەوت عەزیز

پەیامنێری تۆڕی میدیای رووداوە لە نووسینگەی بەغدا. لە 20ی كانوونی یەكەمی 2015ـەوە دەستیكردووە بە كاركردن لە رووداو. 

هەڵکەوت عەزیز

پەیامنێری تۆڕی میدیای رووداوە لە نووسینگەی بەغدا. لە 20ی كانوونی یەكەمی 2015ـەوە دەستیكردووە بە كاركردن لە رووداو. 

ژیننامه‌

پەیامنێرێكی بە جوڵەیە، لە زۆر شاری كوردستان و عێراق كاریكردووە. وەك نێردراوی رووداو چووەتە چەند وڵاتێك بۆ كاركردن.
هەڵكەوت عەزیز لە هەردوو پارێزگای موسڵ و كەركووك بەشداریكردووە لە رووماڵكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشمەرگە بەرامبەر داعش. لەنێو گەڕەكەكانی شاری موسڵ بەشداریكردووە لە رووماڵكردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق لە كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكەدا لەساڵی 2016-2017دا. 
 رووماڵی گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستانی كردووە لە شاری كەركووك لە ئەیلوولی 2017دا. رووداوەكانی 16ی ئوكتۆبەر و ناڕەزایی و ئاوارەبوونی خەڵكی كەركووكی بە فراوانی گواستووەتەوە. هێرشەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە كەركووك بۆ سەر پێشمەرگە لە پارێزگای كەركووك رووماڵكردووە. 
راپەڕینی خەڵكی سوودان بەرامبەر دەسەڵاتی حەسەن بەشیر لە كانوونی یەكەمی 2018 دەستیپێكرد و لە نیسانی 2019دا بەشیر لەسەر دەسەڵات لادرا و زیندانیكرا، هەڵكەوت عەزیز مانگی نیسان رووماڵی ئەو راپەڕینەی كرد بۆ بینەران و بیسەران و خوێنەرانی رووداو، هەروەها هەڤپەیڤینێكی تایبەتی لەگەڵ ئالا سەڵاحی سیمبوولی راپەڕینەكەدا كرد. 
سەپاندنی سزا ئابوورییەكان لەلایەن ئەمریكاوە، ململانێیەكانی ناوچەكەی تووندتر كردن. لە رۆژی 29ی ئایاری 2019 لووتكەی وڵاتانی ئیسلامی لە سعودیە بەسترا، هەروەها رۆژی 30ی ئایاری 2019 لووتكەی وڵاتانی كەنداو لە سعودیە بەڕێوەچوو، هەڵكەوت عەزیز هەردوو لووتكەكەی رووماڵكردن. 

هەڵكەوت عەزیز بەردەوام لەگەڵ هاوكارانی لە نووسینگەی بەغدا، رووداوەكانی عێراق و ژیانی خەڵك رووماڵ دەكات، مانگی حوزەیرانی 2018 رووماڵێكی بەرفراوانی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی بەسرای كرد. 
ڤیتییەكانی هەڵكەوت عەزیز سەبارەت دۆزینەوەی 76 رووفاتی ئەنفالكراوانی كورد لە بیابانەكانی سەماوە لە مانگی تەممووزی 2019دا، چیرۆكی ئەو منداڵانەی لەكاتی گوللەبارانكردندا تووند خۆیان بە باوەشی دایكیانەوە نووساندبوو، بۆ خەڵكی كوردستان زۆر هەستهەژێن بوون . 
هەڵكەوت عەزیز، خەڵكی شاری كەركووكە، لەساڵی 1989دا لە ئاوارەییدا لە شاری هەولێر لەدایكبووە. بڕوانامەی دیپلۆمی لە بواری دەرهێنان لە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كەركووك وەرگرتووە. نزیكەی 10 ساڵە لەبواری میدیادا كاردەكات. لە كەركووك بۆ چەند كەناڵێكی ناوخۆیی و ئاسمانی كاری كردووە بەر لە كاركردنی لە رووداو.
خولیای هونەری شانۆیە، وەك ئەكتەر و دەرهێنەر بەشداری چەندین شانۆگەری كردووە.