رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە دوو هەفتەى رابردوودا بە دوو گوژمە 821 ناوى مووچەخۆرانی رەوانەى تى بی ئاى کردووە بۆ بەجێکردنیان، بەڵام رووداو زانیویێتی هێشتا ئەو بانکە دەستی بە رێوشوێنەکانی بەجێکردنیان نەکردووە.
محەممەد شیاع سوودانی بە پەرلەمانتارانی کوردی گوتووە، دەبێت زیاتر لە 700 هەزار مووچەخۆر لەڕێگەی تی بی ئایەوە هەژماریان بۆ بکرێتەوە، ئەوکاتە پرسی بەجێکردن رێگەی دروستی خۆی دەگرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت ''بەپێی گوتەی سەرۆکوەزیران زیاتر لە 300 هەزار (مووچەخۆر) هەژماری من ـیان کردووە، زیاتر لە 700 هەزاریش دەبێت تی بی ئای بکەن، بەپێی گوتەی سەرۆکوەزیران رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی؛ ئەوەی تائێستا 'هەژماری من'ـی کردووە لەوە زیاتر ناکات و ئەوەی دیکە تی بی ئای تەواوی دەکات و دەبێت هەموو ناوی فەرمانبەرانیان بۆ بنێردرێت."
وەزارەتى دارایی عێراق لەگەڵ ئەوەدایە؛ تى بی ئاى وەک بانکێکى فیدراڵى بەجێکردنى سەرجەم مووچە بکات. بۆ ئەوەش نووسراویان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، کە بەشداری تى بی ئاى بەم شێوەیەی ئێستا لە بەجێکردنى مووچەى هەرێمى کورستان جێبەجێکردنى بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى نییە و، دەبێت ئەو بانکە بەتەنیا بەجێکردنی مووچە بکات.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی دەڵێت "دەبێت ئەوەی رێککەوتنە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تی بی ئای بۆ بەجێکردن ئەنجامبدرێت، کە تائێستا ئەو رێککەوتنە نەکراوە و ناشزانرێت چۆنە. بۆیە من داوام لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و چاوەڕێی وەڵامەکەین کە بۆمان روونبکاتەوە؛ ئایا تی بی ئای بە جێکردن دەکات یان وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت هاتووەتە نێو پرۆژەکەی ئەوان کە ناوی هەژماری منە."
رادەستنەکردنی 50٪ـی داهاتی نانەوتی و بەجێکردنی مووچە هێشتا بەتەواوەتی لەنێوان هەولێر و بەغدا یەکلایی نەکراوەتەوە کە کرۆکی کێشەی نێوانیانە. مەرجێکى وەزارەتى دارایی عێراق بەوەى دەبێت سەرجەم داهاتى نانەوتى بە نەختینەیی بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق، تاوەکو دواتر 50٪ـی ئەو داهاتە بدرێتەوە هەرێمى کوردستان کێشەی دروستکردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، مووچەی مانگی چوار کە هێشتا بە تەواوی نەدراوە و هێزە ئەمنییەکان هێشتا لە چاوەڕوانیدان، لەسەر داوا و نووسراوی دادگەی فیدراڵی بووە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە؛ هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەم مانگە و مانگەکانی داهاتووش دادگەی فیدراڵی هەمان هەنگاو بنێت، لەکاتێکدا هەولێر و بەغدا لەسەر بابەتی بەجێکردنی مووچە هەر هەمان قسەی ئێستایان هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ