رووداو - بەغدا
هەرچەندە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە بایۆمەتریی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی عێراقە، کەچی وەزیرەکەی هەرجارەو بە بیانوویەک خەرجکردنی مووچەکانیان دوادەخات؛ دوایین قسەی ئەوە بووە، لە دوو رۆژی داهاتوودا واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچەکانیان دەکات. بۆ مووچەی مانگی سێیش بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی بکرێت.
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لە دوو رۆژی داهاتوودا مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکرێت، بێگومان لەسەر ئەوە بانگی وەزیری داراییمان کرد، تەنانەت وەزیری دارایی خۆی، هەروەها ئەنجوومەنی راژە ناوی سەرجەم هێزە ئەمنییەکانیان لانییە. من پرسیارم لە ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی کرد کە ئایا ناوی دەزگای هەواڵگری، دژەتیرۆر، بەرپەرچدانەوەی خێرا، حەشدی شەعبی ناوەکانیانتان لایە؟ ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی گوتی، نە بەخوا ناویانمان لانییە، ئەوان لیست و بەیاناتی خۆیان نادەن، بۆیە ئەمەی ئێستا هەیە وادیارە کە گوشارخستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە تاوەکو مووچە دابەش نەکرێت و دۆخی سیاسی تێکبدەن، لەوە زیاتر شتێکی دیکە نییە."
هەر سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، تیمێکی پرۆژەی "هەژماری من" لە بەغدان، لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و پاشان فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە، ئامانجیان خستنەڕووی پلان و بەرنامە و کاری "هەژماری من" بوو، کە دەیانەوێت بەغدا رازی بکەن لەو رێگەیەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بدەن.
کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "شاندێک لە پرۆژەی هەژماری من هاتنە پەرلەمان بۆئەوەی روونکردنەوە بدەن بە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر پرۆژەکەیان، هەروەها خستنەڕووی خزمەتگوزارییەکانیان، ئێمە ئامادە بووین بزانین ئەوان چی دەڵێن و بۆچوونی ئێمەش ببیستن، ئێمە بە روونی پێمان گوتن: ئێوە دوو کێشەتان هەیە، یەکەم کێشەی یاساییە کە دادگەی فیدراڵی روونیکردووەتەوە کە تەوتین لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە دەبێت، کێشەی دووەم متمانەی خەڵکە لە هەرێمی کوردستان، مووچەخۆران متمانەیان بەم پرۆژەیە نییە، لە پرۆسەی بانکیدا ئەگەر متمانە لەنێوان مووچەخۆر و بەشداربوو لەگەڵ بانک نەبێت، ئەمە کێشەیەکی قورسە و بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت."
وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 600 ملیار دیناری بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام بۆ خەرجکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان هەر ئەمڕۆ و سبەی دەکات، ئەمە دابەشکردنی مووچەی دواخستووە.
بۆ کۆتاییهێنان بەو مشتومڕەی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبووە، بەتایبەتی دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، گەیشتنە رێککەوتنی پرۆژەی "هەژماری من"ە لەگەڵ بانکە فیدراڵییەکان تاوەکو هەمان حیساب و کیتابی کی کارت و ماستەرکارتیان بۆ بکرێت، جگە لەمە لە ئێستادا رێگەیەکی دیکە نییە ئەم پرۆسەیە بە زوویی یەکلایی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ