سێ داواکاریی تورکیا بۆ عێراق بەرامبەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

27-08-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تورکیا دەوێت بە سەپاندنی مەرجەکانی، رێگەی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکاتەوە. 
 
تورکیا داوای 13 دۆلار داشکاندن دەکات بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، کشاندنەوەی دووەم سکاڵای عێراق لە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی کە تێیدا داوا لە تورکیا دەکرێت قەرەبووی عێراق بکاتەوە لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020. 
 
هەروەها لە بەرامبەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، داوای شایستە داراییەکانی کۆمپانیا تورکییەکانیان کردووە، بۆ هەر بەرمیلێک 7 دۆلار. 
 
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات ئەو ئیمیازاتانە وەربگرێت، گرنگترینیان نرخی گواستنەوەیە لە بۆڕی نەوت کە لەنێو خاکی تورکیایە بۆ بەندەری جیهان. لەلایەکی دیکەوە ئەو داشکاندنەی بۆ بکرێت بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک کە 13 دۆلارە لە نرخی جیهانی بەمە سوودمەندی گەورە دەبێت لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کورستان. هەندێک لایەنی سیاسی هەیە هەوڵ دەدەن کە کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و کێشە و گرفتی بۆ دروست بکەن، هەوڵدەدەن لانیکەم زیان بە کێڵگە نەوتییەکان بگەیێنن. 

 

 
 
تورکیا داوا دەکات یان هەرێمی کوردستان ئەو ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە بدات کە دادگە بەسەر تورکیا سەپاندوویەتی یان عێراق لەو بڕە پارەیە خۆشبێت. 
 
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: ئەگەر مەرجی تورکیا لێخۆشبوون بێت لەو ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە ئەوە لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی نییە، بەڵکو ئەوە لە دەسەڵاتی پەرلەمانە، ئەستەمە پەرلەمانیش رەزامەندی لەسەر ئەوە باباتە بدات، بۆیە هیوامان وایە لە کاتی سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق لە داهاتوودا ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە و هەناردەی 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە. 
 
لە 25ـی ئادارەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی توركیا وه‌ستاوه‌، به‌ پێی ‌یاسای بودجە پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ بكات، تا لە بەرامبەردا شایسته‌ داراییه‌كانی لە به‌غداوه‌ بنێردرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە