رووداو - دیوانییە
ئاگر لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی دیوانییە کەوتەوە و چوار منداڵی تازە لەدایکبوو، کە دووانیان کوڕ و دووانیان کچن، گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکە تووشی هەناسەتەنگی بوون.
دوای زیاتر لە 10 کاژێر لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، دۆخەکە هێشتا ئاسایی نەبوو، 38 منداڵی تازە لەدایکبوو کە کاریگەریی زۆری دووکەڵی ئاگرەکەیان لەسەربووە، لەژێر چاودێریی پزیشکیدان، لەڕێگەی دابینکردنی ئۆکسجینەوە هەوڵ دەدرێت هەناسە تەنگییان کەمبکرێتەوە.
ئەمەل ئەحمەد، داپیری یەکێک لە منداڵەکان دەڵێت، "بەخوا شەو تاوەکو بەیانی کەس نەخەوتووە، ئەمانەش لەگەڵمان زۆر باش بوون و زوو فریاکەوتن، ئێستا دۆخی منداڵەکە لای خودایە، پشتیوان بە خودا باش دەبێت. تەمەنی منداڵەکە دوو رۆژە ئیشەڵڵا باش دەبێت. ئەمڕۆ زۆر لە دوێنێ باشترە."
سەجاد عەلی، باوکی یەکێک لە منداڵەکان دەڵێت، "ئێستا دۆخی منداڵەکەم زۆر خراپە، نەخۆشخانەی حوسێن کەموکوڕییان نەبووە، هاوکارییان کردووین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کاتێک کە منداڵەکەیان گواستەوە بۆ ئێرە، زۆر ماندوو بوو، لەناکاو بەهۆی ئاگرەکەوە هێنایانە دەرەوە بەبێ ئۆکسجین، بە ئەمبۆڵانس هێنایان، ئیدی ماندوو بوون هەندێک لە منداڵەکانیش گیانیان لەدەستدا."
ئاگرەکە بەهۆی پاشماوەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە کەوتووەتەوە، کە ماوەیەکی زۆرە کۆکراوەتەوە و فڕێنەدراوە، هەربۆیە بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو کۆمپانیایەی کە کاری نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکەی کردووە، رەوانەی لێکۆڵینەوە کراوە، هاوکات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و 12 بەرپرسی دیکەی فەرمانگەی تەندروستیی دیوانییە دوورخرانەوە.
ئەحمەد سامر عیساوی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی حوسێن دەڵێت، "38 منداڵ ئێستا لەم نەخۆشخانەیەن؛ جگە لەوەش، بەشەکانی دیکەشمان بەردەوامن لە کارەکانیان، چونکە نەخۆشخانەکەی دیکە کارکردن تێیدا وەستاوە، دانیشتووانی دیوانییە هەر دوو نەخۆشخانەیان هەیە سەردانیان بکەن، بەڵام ئێستا هەر ئەم نەخۆشخانەیەی ئێمە هەیە، بۆیە بە دڵنیاییەوە گوشار و لۆدمان لەسەر دروستبووە."
سێ لیژنە پێکهێندراون تاوەکو لە هۆکار و چۆنێتیی ئاگرکەوتنەوەکە بکۆڵنەوە، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە هیچ کەسێک لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ