رووداو - بەغدا
چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا ساڵانێکە لە دەرگای لایەنە سیاسییە شیعە و سوننەکان دەدەن، تاوەکو هاوسۆزیان بن هەڵەبجە بکەن بە پارێزگا، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوەی لەو لایەنانە دەستیان کەوتووە، تەنها مەرەکەبی سەر کاخەزە، سەرەڕای ئەوەش کۆڵیان نەداوە و دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت دوایین رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق تەواو بکەن.
د. موسەنا ئەمین، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "بە راشکاوی بە سوننەکانم گوتووە، ئەگەر ئێوە ترسی ئەوەتان هەیە دەبوایە زوو ئەو بابەتەتان دابخستایە و دەنگتان بدایە، چونکە تاوەکو ئەو بابەتە درێژە بکێشێت، ئارەزووی ئەوان (شیعەکان) زیاتر دەبێت بۆئەوەی داخوازییەکانیان ببەستنەوە بە هەڵەبجە و ئێمەش ناچار دەبین بکەوینە ژێر گوشاری ئەوەی کە رەنگە داخوازییەکانی ئەوان قبووڵ بکەین بۆئەوەی شارەکەی خۆمان تێپەڕێت، بۆ دەمانخەنە بەردەم ئەوە؟ گوتم: سەرۆکی پەرلەمان هەڵە دەکات کە نایەت بۆئەوەی زوو ئەم بابەتە تێپەڕێنێت، چونکە ئەو بابەتە تاوەکو بمێنێتەوە کێشە دروست دەکات و ئارەزوو و ترسی هەندێک کەس و لایەن دەجووڵێنێت."
حیزبی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی رێبەرایەتییان دەکات، لەنێو شیعەکاندا پێشەوای ئەو دەنگە ناڕازییانەن کە دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەن.
عارف حەمامی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسایە لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەڵێت، "دەبێت هاوسەنگی هەبێت لەسەر ئەو بابەتە وەکو چۆن لە کوردستان پێوستیان بە پارێزگایەکی دیکەیە، لە باشوور و رۆژئاوا و ناوەڕاستی [عێراق]یش پێویستیان بە پارێزگایە، ئێمە لەو روانگەیەوە تێبینی و ناڕەزایمان هەیە."
هەرچەندە یەکڕیزیی کورد تاوەکو ئەم ساتە دانیشتنەکانی پەرلەمانی پەکخستووە، بەڵام گەر لایەنە سیاسییە شیعە و سوننەکان پێداگری بکەن ئەمە بۆ کورد تاسەر نابێت.
رووداو بۆچوونی خەڵکی ئاسایی لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە وەرگرت، هاووڵاتییانی عێراق جیاواز لە سیاسییەکانیان هاوسۆزییان بۆ هەڵەبجە دەردەبڕن. سەید حەسەن، فەرمانبەر لە بەغدا لەوبارەیەوە گوتی، "هیوامان وایە، پشتیوان بە خودا دەبێتە پارێزگا و دواتر سەردانی دەکەین، هەموو شتێک ئاساییە، کێشەیەک لەوەدا نابینین." ئەبو ئەحمەد، کاسبکارێکە لەنێو بازاڕەکەدا و دەڵێت، "هەڵەبجە قوربانیی زۆری داوە، کەمترین شتێک بۆی بکرێت بەپارێزگابوونە."
پاش سێ جار، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە یەکلایی بکاتەوە، مەرج و داواکاریی سوننە و شیعەکانیش جێبەجێ نەکرێت، تێپەڕاندنی ئاسان نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ