رووداو دیجیتاڵ
رووداو ڤیدیۆی ئەو بۆرییە گازە بڵاودەکاتەوە کە لە کۆرمۆرەوە بۆ کەرکووک راکێشراوە. بەگوتەی لایەنی عێراقی، یان دەبێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، یانیش دەبێتە کێشەیەکی نوێ و پرسی گاز دەچێتە نێو سەبەتەی کێشەکانی دیکەیانەوە.
کۆمپانیای هێڵی بۆرییەکانی نەوتی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، بۆرییەکی ساڵی هەشتاکان کە لە کۆرمۆرەوە تا جەمبووری کەرکووک هاتووە، بە بۆڕییەکی نوێ و بە بەدرێژایی هەزار و 50 مەتر بەستووەتەوە بە وێستگەى کارەبای تازە لە کەرکووک.
وا دەردەکەوێت، ئەم هەنگاوە لە سلێمانییەوە پشتگیریی دەکرێت و لە هەولێر پشتی لێکراوە.
بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "ئەمە هەنگاوێکی دروستە، بەتایبەتی لە روانگەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، چونکە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بینیومانە کە قۆناخ بە قۆناخ خراپتر بوون، بەڵام ئەمە هەنگاوێکە بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندی بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئابووری لەنێوان هەردوو حکومەتدا جگە لەوەی بێگومان ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کارەبایەکی زیاتر بۆ هاووڵاتییانی شاری کەرکووک دابین بکرێت، ئەمە دەتوانرێت پەرەی پێ بدرێت بۆ پارێزگاکانی دیکەش."
وەزارەتی نەوت لەسەر راسپاردەی حکومەتی عێراق و لە نوێترین و دەگمەنترین کاریدا، بۆ یەکەم جار دەستی بۆ گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆری هەرێمی کوردستان بردووە، بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیی نێوخۆیی ئەو وێستگانەی گاز بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنن، ئێستا ئەو پرسە لەڕووی تەکنیکیەوە تەواوکراوە و ئەوەی ماوەتەوە دەستپێکردنی ناردنی گازە.
محەممەد بەلداوی، سەرۆکی لیژنەی پلان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "ئەمە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان کە ئێستا تەواوکراوە، ئەویش بەکارهێنانی گازی کۆرمۆرە بۆ دابینکردن و زیادکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبای کەرکووک، هەروەها درێژیی ئەم هێڵە هەزار و 50 مەترە و بۆرییەکەش لە 16 گرێ پێک دێت، ئەم پڕۆژەیە پشتیوان بەخوا دەبێتە سەرەتایەکی زۆر باش، هاوکات پێمان وایە، دەرگەیەک دەکاتەوە بۆ هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی ناوەندیی و حکومەتی هەرێم[ـی کوردستان]."
ئەو هێڵەی ئێستا دانراوە تواناى هەیە رۆژانە 100 ملیۆن مەتر سێجا گاز بگوازێتەوە بۆ وێستگەى کارەبای تازە لە کەرکووک، سەرباری ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ناڕازییە لەسەر ئەو هەنگاوە، بەڵام ئەو پرسە لای وەزارەتی نەوتی عێراق کۆتایی هاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ