رووداو دیجیتاڵ
شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە بەغدان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و باسیان لە تێبینی و گازندەکانیان لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد.
شاندی پارتی بە باڵیۆزی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیان راگەیاندووە، هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەست بەوە دەکەن هێشتا لە بەغدا دەستێک لەنێو لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هەیە، کە گرفت بۆ رێککەوتنەکان دروستدەکات.
پێشتریش هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی حکومەت رێککەوتنیان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە کردبوو، بەڵام لەکاتی پەسندکردنیدا هەندێک لایەنی شیعە دەستکاری ئەو بڕگە و ماددانەیان کرد، کە لەسەری رێککەوتبوون، بۆیە پارتی دەیەوێت ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بە وردی چاودێری ئەو رێککەوتنانە بکەن، کە لە نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 7ـی ئابی 2023، شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی لە ئۆفیسی هادی عامری، لەگەڵ شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوە و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.
د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا، لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند: "پرسەکانی بودجە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مادەی 140 و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و چەندین بابەتی دیکە، کە پێشتر رێککەوتنی سیاسییان لەسەر کرابوو و وەکو پێویست جێبەجێ نەکراون، تەوەری کۆبوونەوەکەمان بوون".
ئەو ئەندامەی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئەزموونی یاسای بودجە دووبارە نەبێتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دوو لیژنەی هاوبەشیان بۆ نووسینەوەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز پێکهێناوە و ئێستا لیژنەکان کار دەکەن، هەفتەی داهاتووش دەست بە گفتوگۆکان دەکەن بۆ ئەوەی پرۆژەیەک ئامادە بکەن، لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتمان لەوە کردەوە کە ناکرێت وەکو بودجە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم پرۆژەیەش بکرێت."
شاندەکەی پارتی تاوەکو رۆژی چوارشەممە 8ـی ئاب لە بەغدا دەمێننەوە و بڕیارە لەگەڵ زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ