رووداو دیجیتاڵ
بەسرە بە گەرمترین شار نەک لە عێراق بەڵکو لە هەموو جیهان راگەێندرا کە پلەی گەرمیی 49.4 پلەی سلیزی بوو، خەڵکی ئەو پارێزگایە بۆ رزگاربوون لەو گەرما تاقەتپرووکێنە، ناچارن بچنە نێو رووبارەکان و مەلە بکەن.
خەڵکی بەسرە، لەو گەرما بەتینەدا هیچ نەبێت رووبارەکان شک دەبەن بۆ کەمێک خۆفێنککردنەوە.
بەپێی ماڵپەڕی کەشناسیی ئێل دۆرادۆی ئەمریکی، بەسرە بە 49.4 پلەی سیلیزی، گەرمترین شاری جیهان بووە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا.
حەسەن نەسار، دانیشتووی بەسرە دەڵێت "رۆژانە دێم مەلەوانی دەکەم، هەر کە هاوین دەستپێدەکات ئیدی ئەمە حاڵمانە. کەشەکەی گەرمە هەر لەبەرئەوەش دێینە ئێرە".
مورتەزا سکەینی، دانیشتوویێکی دیکەی بەسرە باسی ئەوە دەکات "رۆژانە دێین، بێزارییە بۆ کوێ بچین، کارەبا نییە، کار و کاسبی نییە، ئێرە کەشەکەی خۆشە، بەڵام هی ئەوەش نییە ماوەیەکی زۆر لێی بمێنیەوە، هەر بۆ کەمێک خۆفێنککردنەوە باشە".
حکومەتی خۆجێی بەسرە چەند رێوشوێنێکی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرما گرتووەتەبەر لەوانەش فەرمانبەران بۆ ئەم وەرزە، دەوامیان لە کاژێر 07:00ـی بەیانی تاوەکو 01:00ـی دوانیوەڕۆ دەبێت. فەرمانگەی تەندروستیی بەسرە، هۆشداری دەداتە خەڵک و دەڵێت، تاوەکو بۆتان دەکرێت لە ماڵەکانتان مەیەنە دەرەوە.
دکتۆر رەیە حەبیب بەڕێوەبەری بەشی بەرەوپێشبردنی تەندروستیی بەسرە بە رووداوی گوت "رێنمایی هاووڵاتییان دەکەین، ئەگەر لە ماڵەکانیان دەرچوونە دەرەوە، با لەکاتی شەواندا بێت و کارەکانیان دوابخەن، ئەگەر هەر دەرچوون بە رۆژ، با جلوبەرگی فراوان لەبەربکەن و ئەو رەنگانە بپۆشن کە تیشکی خۆر کەمتر کاریگەرییان لێ دەکات، هەروەها دژەخۆر بەکاربهێنن و ئەگەر دەتوانن کڵاو لەسەربکەن و چاویلەکەش لە چاو بکەن".
هەرچەند لە سەنتەری پارێزگای بەسرە، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لەچاو شارەکانی دیکە ئەمساڵ تاڕادەیەک باشترە، بەڵام ناوچەکانی دەوربەری بێ کارەبایی هەراسانی کردوون و، گەرماکەی لەسەریان هێندەی دیکە بەتینکردووە.
ئەم وێنانە ئەمشەو (12-7-2023)ـی شەقامێکی بەسرەن، کە خەڵک بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان، لەتاو گەرما شەوان روودەکەنە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ