رووداو - بەغدا
بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەی بودجەی پەسند کرد. بەپێی بودجەی پەسند کراو، مانگانە 965 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. کۆی گشتیی بودجەی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی 21 تریلیۆن دینارە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "هەم لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەو بابەتەمان یەکلایی کردەوە و دەنگمان لەسەردا بە زۆرینەی دەنگ، کە دەستکاریی خشتەکانی بودجە نەکرێت و چۆن لە حکومەتەوە هاتووە بەو شێوەیە بمێنێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا بڕی دوو تریلیۆن دینار دیاریکرا کە دەسەڵاتمان داوەتە سەرۆکوەزیران گواستنەوەی پێ بکات. دێمە سەر ئەوەی کە ئەم بابەتە ئیجابیاتی چییە؛ جیا لەوەی کە زامنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە، نەمانهێشت دەستکاریی بودجە بکرێت و بە جیددی کارمان لەسەر ئەوە کرد وەکو خۆی تێپەڕێت."
دوو تریلیۆن و 700 ملیار دینار بۆ کرێی دەرهێنان و یەک تریلیۆن و 400 ملیار دیناریش بۆ کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە. بەمەش گەر کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بەو نرخە رازی بن، دەست بە هەناردەی نەوتی کوردستان دەکرێتەوە.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "زیاتر لە 11.5 تریلیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی، کە ئەم بڕە پارەیە جیاکراوەتەوە لە مەرجی خەرجیی کرداری و ئینفاقی فیعلی. واتە ئەم بڕە پارەیە بۆ مووچەیە و پەیوەندی نییە بەوەی کە لە پارێزگاکانی دیکە چەندێک پارە خەرجکراوە لە بودجەی وەبەرهێنان یاخود بودجەی بەگەڕخستن، ئینجا رێژەی 12.67 بدرێتە هەرێمی کوردستان، بەڵکو مووچە بە تەواوی گرەنتی کراوە بەم لیستانەی کەوا ئێستا هەیە."
لە خشتەی بودجەدا هیچ دامەزراندنێک دیاری نەکراوە، بۆیە چارەنووسی یەکەمەکان، گرێبەست و وانەبێژانی هەرێمی کوردستانیش بە نادیاری ماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ