خۆپێشاندەران لە ناوچەی سەوزی بەغداوە هۆشداری دەدەنە حکومەتەکەی سوودانی

20-09-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
خۆپێشاندان لە ناوچەی سەوزی بەغدا
خۆپێشاندان لە ناوچەی سەوزی بەغدا
نیشانەکردن خۆپێشاندان بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چین و توێژە جیاوازەکان، چوونە بەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا، بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی دژی حکومەتی عێراق و حیزبەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەرببڕن، خۆپێشاندەران دەڵێن نزیکەی ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی تێدەپەرێت و، هیچ پلان و گۆڕانکارییەکیان نەبینیوە.
 
زەرخام ماجد، سەرپەشتیاری خۆپێشاندانەکە بە رووداوی گوت "خەڵکیان هەڵخەڵەتاند لەسەر بودجەی 2023 و گوتیان پەسند کراوە. کوا پارەکان؟ خزمەتگوزاری لە هیچ شوێنێکدا نییە، شارەکان پڕ بوون لە زبڵ و خاشاک، شەقامەکان هەمووی وێرانن، بۆیە ئێمە چەندین جارە خۆپێشاندان دەکەین و بۆمان دەرکەوتووە؛ حکومەت درۆمان لەگەڵدا دەکات."
 
هەروەها گوتی "ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20-9-2023) هاتووین و دواکارییەکانمان دووپاتدەکەینەوە، هۆشداری بە حکومەت دەدەین، ئیدی لەوە زیاتر چاوەڕێ ناکەین دەستی دەستیمان پێ بکەن، ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکەن، ئەوا خۆپێشادانی داهاتوومان بۆ گۆڕینی ئەم حکومەتە دەبێت."
 
کەسوکاری زیندانیکراوان بە دەرفەتیان زانی لەپاڵ خۆپێشاندەران، داوای دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی بکەن، داوایەک کە بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییە شیعە و سوننەکانەوە نەتوانراوە بکرێتە کردار.
 
عەزرا کامل، خۆپیشاندەرێکی دیکە لە بەغدا گوتی "بەسە گەلی عێراق هۆشیارە، بەسە ئەو هەمووە نادادی و ستەمە، ئیدی تەواو بێزاربووین لەو هەموو گەندەڵی و ستەمە، تێربووین لە دزی، ئیدی عێراق بۆ خۆتان ببەن و منداڵەکانمان لە زیندان ئازاد بکەن، ئێمە هیچی دیکەمان ناوێت. داوادەکەین بێ تاوانەکان ئازاد بکەن. ئێمە، داوا ناکەین بکوژ و تیرۆستان و ئەوانە ئازاد بکەن، کە دەستیان بە خوێنی عێراقییان سوورە، تەنیا بێتاوان و ستەملێکراوان ئازاد بکەن." 
 
خۆپیشاندەرێکی دیکە بەناوی جاسم بەدەوی بە رووداوی گوت "ئەم شۆڕشە، دژی حکومەتە بە هەموویانەوە، ئەم حکومەتەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی. بەبێ جیاوازی، حکومەتەکان لەدوای ساڵی 2003ـوە تاوەکو ئەمڕۆ لە لووتکەی گەندەڵین، نازانین چیان کردووە، کوشتن، تیرۆر، دزی، ئاوارەکردنی خەڵکی لە رۆژئاوا، ئاوارەکردنی خەڵک لە باشوور، بۆیە ئەگەر داوکارییەکانمان جیبەجێ نەکرێن، هەڵگیرسانی شۆڕش لە داهاتوودا ئەستەم نییە." 
 
خۆپیشاندەران هۆشداری دەدەن لە ماوەیەکی کەمدا حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی بۆ گۆڕانکاری و خزمەتکردن بەرێتە سەر، ئەگەرنا درێژە با مانگرتن و خۆپیشاندان دەدەن تاوەکو ئەو کاتەی دەیگۆڕن. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە