راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بانگەشەکانی ئێران رەتدەکاتەوە

16-01-2024
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
ماڵەکەی پێشڕە دزەیی لە هەولێر دوای بۆردوومانکردنی لەلایەن ئێرانەوە.
ماڵەکەی پێشڕە دزەیی لە هەولێر دوای بۆردوومانکردنی لەلایەن ئێرانەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێرشە بێ پاساوەکانی ئێران بۆسەر پایتەختی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک بوو، دەنگی عێراقی دۆست و هاوپەیمانیشی دەرهێنا. بۆیەکەمجارە بەغدا وا بە گوڕ و توندیی، راشکاوانە بێتە دەنگ و هێرشەکەی ئێران بە دوژمنکارانە ناوببات.
 
هەرزوو لیژنە پێکهێندرا و گەیشتە هەولێر. قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق هێشتا لە هەولێر نەگەڕابووەوە بەغدا، رایگەیاند، چوونەتە ماڵی ئەو سەرمایەدارەی کە لە هەولێر کرایە ئامانج و دەرکەوت، "بانگەشەکان کە باس لەوە دەکەن بارەگای مۆسادە، راست نین، ئەمە دەکرێتە راپۆرتێکی فەرمی و دەدرێتە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان".
 
ئەو لیژنەیەی بۆ  لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانى ئێران بۆ سەر هەولێر پێکهێنراوە لە پێنج بەرپرسی باڵای سەربازی پێکدێن، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستانیش تێیدا ئەندامە، دەبێت لەماوەى 48 کاژێردا راسپاردەى خۆیان لەسەر ئەو ھێرشانە بدەنە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق.
 
لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەرزوو بە بانگهێشتکردنی هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەی ئێران، یاداشتی ناڕەزایەتی وڵاتەکەی رادستی کرد و باڵیۆزی عێراقیش لە ئێران بۆ راوێژ لەسەر هێرشەکەی هەولێر بانگکرایەوە.
 
عامر عەبدولجەبار، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی گوت، "ئێمە دەمانەوێت یەک هەڵوێستی هەبێت، ئەمریکا کاتێک هێرش دەکات دەبێت ناڕەزایەتی هەبێت و رەتبکرێتەوە، بەهەمان شێوە کاتێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر هەرێم لەلایەن ئێرانەوە ناڕازین و رەتیدەکەینەوە، ئەمە وڵاتمانە و عێراق لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە، خاڵی دووەم ئێمە لە عێراق نابێت هیچ کام لەو ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارانە بپارێزین کە دژی دەوڵەتانی دراوسێمانن. باشە منداڵێک گوناحی چییە دەکوژرێت بەم شێوەیە؟ بۆ عێراقی نییە؟ یان ژنێک دەکرێتە ئامانج و باڵەخەناکان وێران دەکرێن بەو هێرشانە، نابێت رێگە بەوە بدرێت".
 
لەسەر ئاستی پەرلەمانیش زیاتر لە 70 واژۆ کۆکرایەوە تاوەکو لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا، پەرلەمانی عێراق بڕیاری گرتنەبەری رێوشوێنی جیدی  بدات بەرامبەر ئەو هێرشانە کرانە سەر هەولێر.
 
سروە محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق بۆ رووداوی باس کرد، "هەم بەپێی دەستوور هەم بەپێی نیزامی داخلی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 50 پەرلەمانتار دەتوانن داوای بەستنی کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بکەن جا بۆ هەر رووداوێک بێت، بۆیە لە ئێستادا پەرلەمانتاران واژۆمان کۆکردەوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکرێت سەبارەت بە بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها عێراق. عێراق بەهێز نییە لە پاراستنی سنوورەکانی بۆیە ئێستا بژاردەی زۆری لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردن و پاراستنی سنورەکانی یەکێک لەو بژاردانەش ئەوەیە کەوا پەنا بباتە بەر یاسا نێودەوڵەتییەکان".
 
حکومەتی عێراق هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەولێر بە دەستدرێژی ئاشکرا بۆسەر ئاسایش و گەلی عێراق ناو بردووە و دەڵێت، "لە بەرامبەر ئەم هەنگاوە تێکدەرەی ئاسایشی ناوچەکە، هەموو رێکارێکی یاسایی و لەنێویشیاندا سکاڵاکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەگرینەبەر".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''