عێراق دەڵێت هەرێمی کوردستان 28 خاڵ و دەروازەی سنووریی نافەرمی هەیە و پێویستە یەکلابکرێنەوە

12-12-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
عێراق داوای رێژەی 50٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەکات بەپێی یاسای بودجە  ​
عێراق داوای رێژەی 50٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەکات بەپێی یاسای بودجە ​
نیشانەکردن دەروازە سنوورییەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عێراق، ساڵانێکە چاوی بڕیوەتە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەگەر بەتەواوی کۆنترۆڵیشیان نەکات، بەشداربێت لە ئیدارەدانیان، بۆ ئەمەش لیژنەیەکی باڵا لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە و لەسەر سێ ئاست بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا رێکبکەون.
 
ئەو سێ ئاستەش پێکدێن لە پێداچوونەوە بە یەکخستنی سیاسەتی گومرگی هاوبەش لە هەموو دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، دیدگەیەکی هاوبەش بۆ سیاسەتی گومرگی و پێداچوونەوە بە یاسای دەروازە سنوورییەکانی ساڵی 2016.
 
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت "حکومەت لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی نێوان دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دەروازەکانی فیدراڵیی، ئێمە دەمانەوێت ئەو دۆسیەیە یەکلایی بکەینەوە. لۆژیک نییە و ناکرێت، خاڵ و دەروازەی سنووری نافەرمی هەبێت، ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووریی عێراق بەشێوەیەکی گەورە.''
 
هەروەها دەڵێ "ئێمە لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان، کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانی خۆمان کردووە و رێگە نادەین کاری نایاسایی و نافەرمی بکرێت، بۆ ئەوەش کاری زۆرمان کردووە، ئەوەی ماوەتەوە دۆسیەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمە کە پێویستە بەپەلە یەکلایی بکرێنەوە.'' 
 
لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا هەولێر و بەغدا گفتوگۆکانیان چڕدەکەنەوە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای بودجە بکرێت و، ئەرکی هەردوولا دیاریبکرێت، عێراق داوای رێژەی 50٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەکات بەپێی یاسای بودجە. 
 
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت "ئەو دیدگە و پێشنیازانەی پێشکەشکراون، بۆ یەکخستنی سیاسەت و ئیدارەدانی دەروازەکانە بەشێوەیەکی گشتی، واتە کارکردن و رێوشوێنە ئیدارییەکان لەو دەروازانەی دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان دەبێت هاوشێوەی دەروازەکانی دیکەی پارێزگاکانی عێراق بن، نابێت جیاوازی هەبێت، تاوەکو پێشێلکاری نەکرێت و ناهاوسەنگی روونەدات لە هاوردەکردنی هەر کاڵا و شتومەکێکدا."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەغدای راگەیاندووە هەر هەموارێک لە پێناس و پرسی گومرگیدا بکرێت، دەبێت بە رێککەوتن بێت نەوەک یەکلایەنە. دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقیش دەڵێت لە هەرێمی کوردستاندا 20 خاڵی سنووری و هەشت دەروازەی سنووریی نافەرمی هەن و، دەبێت یەکلایی بکرێنەوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە