کوردستان
شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتن لەسەر ناردنی مووچە تاوەکو پرسی بەدیجیتاڵکردنی مووچە یەکلادەبێتەوە.
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەیەکی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەستیکەوتوون، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق رێککەوتن کراوە، تاوەکو پرسی بەدیجیتاڵکردنی مووچە یەکلادەبێتەوە، هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
رووداو زانیویەتی، لە پاش رێککەوتنی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە هەولێر.
رێککەوتنەی نێوانیان خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینێتەوە:
- مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
- بەپێی رێککەوتنەکە تا ئەو کاتەی پرسی تەوتین و بە دیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە بەغدا بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
- مانگانە لە رێگەی کۆدی بایۆمەترییەوە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە خەرج دەکرێت بەهەمان ئەو میکانیزمەی مووچەی مانگی شوباتی پێ خەرجکرا.
لەبارەی مووچەی مانگی ئادارەوە ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداوی ئاشکرا کرد، وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنی بە شاندەکەی هەرێمی کوردستان داوە، بەر لە جەژن وردبینی لیستی فەرمانبەران تەواو دەکەن و مووچەکانیان خەرج دەکەن.
لەلایەکی دیکە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و سەرکەوتوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجەو مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ بەغدا هێنا و گەڕانەوە هەرێمی کوردستان".
هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی هەولێر و بەغدا، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابنرێت.
راشیگەیاند، "لەم دوو رۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەمانەی گوت، تێیدا سوپاسی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانی کرد، "لە ماوەی رابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم".
هەروەها سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "سوپاسی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بەرێز محەممەد شیاع سوودانی و هەموو ئەو هێز و لایەنانه دەکەم کە هاوکار بوون تاوەکو پێکەوە بتوانین بە سەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببین".
ئەمڕۆ و دوای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆی بەردەوام، وەزارەتی دارایی عێراق 353 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەی مانگی شوباتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان.
تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق تەنیا مووچەی مانگەکانی یەک و دووی ئەم ساڵی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبوو. بۆ مووچەی مانگی شوبات، زیاتر لە 600 ملیار دیناری ناردبوو، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان داوای 949 ملیار دیناری کردبوو.
دوێنێ سێشەممە، شاندێک بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن.
لە راگەیێندراوی بەڕێکەوتنی شاندەکەدا هاتبوو "بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی بودجە و مووچەی فەمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ