حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کراوە تاوەکو کۆتایی 2024 تێبینییەکانی لیستی مووچە چارەسەر بکات

10-09-2024
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

حکومەتی عێراق راسپاردەی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستانی پەسند کرد.
 
بڕیار درا سەرجەم مووچە راگیراوەکان لە مانگی شوباتەوە تاوەکو مانگی ئاب خەرجبکرێن و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵیش ناردنی مووچە لەبەغداوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت؛ لە بەرامبەردا پێویستە تاوەکو ئەو کاتە تەواوی کێشە و تێبینییەکان لەسەر لیستی مووچە چارەسەر بکرێن.
 
دکتۆر مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری دەڵێت، "ئەو گفتوگۆیانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری، کە چوون لە هەولێر بەم ئاستە باڵایە کردیان، ئەوان کۆمەڵێک حەکیم و کەسی تێگەیشتوو بوون، من زۆر باشیان دەناسم، بە نێتێکی نیشتمانی و باشەوە بوو، بۆیە گەیشتنە ئەنجامێک کە سەقامگیری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هێنایە کایەوە."
 
پرسەکانی پەیوەندیدار بە رۆژنامەی کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی، گفتوگۆی چڕ و لێکتێگەیشتنی جیدیی لەنێوان هەردوو حکومەت دوای کۆبوونەوەکانی هەولێر هێناوەتە ئاراوە، بۆیە کۆبوونەوەی داهاتوویان کە هاوشێوە دەبێت، لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
 
مساق عەبدولحوسێن، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، "وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری، کە لە هەولێر ئەنجامدران، وەزارەت رۆڵی باشی گێڕا لە خستنەڕووی بەشێک لە پرسە هەڵپەسێردراوەکان، کە تایبەتن بە دیاریکردنی رۆژنامەی کشتوکاڵی و هەندێک لەو دەسەڵاتانەی قەدەخە کراون، هەروەها بەرهەمە ناوخۆییەکان، بەگشتی هاوئاهانگی لەسەر ئاستێکی باڵا هاتووەتە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
چارەنووسی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن و لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان دەوام دەکەن، بەپێی رێککەوتنی هەردوو حکومەت لە ئاییندەیەکی نزیکدا بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەوە دەدرێت، کە ئاخۆ لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمێننەوە یانیش بە یەکجاری دەگوازرێنەوە سەر حکومەتی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە