رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەکی بەهێز گڕی لە سەربازگەی کالسۆ لە بابل بەردا.
حکومەتی عێراق رووداوەکە بە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە ناودەبات، حەشدی شەعبیش جارێک دەڵێت هێرشی درۆن و مووشەکیی ئەمریکایە، جارێکیش دەڵێت ئیسرائیلە.
ئەنجامی تەقینەوەکە؛ چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژرا و 22ـی دیکەشیان بریندار بوون.
حاجی موهنەد عنزی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی بابل دەڵێ "دوای ئەوەی گوێبیستی دەنگی تەقینەوەکان بووین، راستەوخۆ چووینە سەربازگەی کالسۆ بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی رووداوەکە؛ بینیمان تەقینەوەی بەهێز و ئاگرکەوتنەوەی گەورە هەبوو، ئەوەی دیاربوو، لە راستیدا چاڵێکی گەورە لە ئەنجامی هێرشەکە دروست ببوو و، بۆمان دەرکەوت ئەمە بەهۆی مووشەکەوە بووە.''
مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، دوای چەند کاژێرێک لە رووداوەکە رایگەیاند وەڵامی هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبییان داوەتەوە، بە درۆن ئامانجێکیان لە ئیلاتی ئیسرائیل بۆردوومانکردووە و لە هێرشەکانیشیان بەردەوام دەبن.
سعوود ساعدی، پەرلەمانتاری حیزبووڵا لەبارەی رووداوەکە دەڵێ "ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، دەستدرێژیکردنە بۆ سەر عێراق و حکومەتەکەی لەبەرئەوەی حەشدی شەعبی کراوەتە ئامانج، چونکە حەشدی شەعبی بەشێکی لە هێزە چەکدارەکانی عێراق."
شانەی ئەمنی رایگەیاند لیژنەیەکی تەکنیکیی پسپۆڕ لە بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە پێکهێندراون بۆ زانینی هۆکاری تەقینەوەکە و کەوتنەوەی ئاگرەکە.
سەربازگەی کالسۆ لە باکووری پارێزگای بابلە. بارەگای سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبیی لێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ