مانگی داهاتوو دوایین 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە بە قەرز دابین دەکرێت

02-11-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
دیناری عێراقی.
دیناری عێراقی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای چەندین هات و نەهات، دواجار 450 ملیار دینار لە 700 ملیارەکە لە بەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکرا. بڕیارە 250 ملیارەکەی دیکەش رۆژی یەک شەممە بگات. وەزارەتی داراییش رایگەیاند لە رۆژی شەممەوە دەست بەدابەشکردنی موچە دەکەن و تاوەکوو رۆژی پێنج شەممە سەرجەم فەرمانبەران موچەکانیان وەردەگرن.
 
عامر عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "ئەمرۆ ژمارەیەک پەرلەمانتار واژۆمان کۆکردووەتە تاوەکو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتەوە لەرێگەی کارتی زیرەکەوە دابەش بکرێت، لە رێی کارتی زیرەکەوە لەبەغداوە بگاتە دەست فەرمانبەران، هاوڵاتی گوناهیان چییە بەبێ مووچە بن و ببنە قوربانی ناکۆکیی سیاسیی هەولێر و بەغدا." 
 
مانگی داهاتوو دوایین 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە بە قەرز دابین دەکرێت. بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12 حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دیناری دیکەیان بە قەرز پێ بدەن، بۆ ئەمەیان هێشتا هیچ وەڵامێک نییە و لەگەڵ چوونەوەی شاندی هەرێمی کورستان بۆ بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. 
 
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "رێککەوتن کراوە لەسەر داتا و زانیارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و دراوەتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ مووچە دابین بکرێت و ئەو پرسە جیا بکرێتەوە لە بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستان و بڕە پارەی خۆی بۆ دابینبکرێت. ئێستا داتا و زانیارییەکان بۆ وردبینی ئامادە دەکرێن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان."
 
لەسەر ئاستی پەرلەمان و حکومەتیش جۆرێک لە لێکتێگەیشتن هاتووەتەوە ئاراوە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای بودجە لەبەرژەوەندی فەرمانبەران بکرێتەوە، بەڵام بۆ ئەمیشیان هەر چاوەڕێی چوونی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت. 
 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە