رووداو دیجیتاڵ
لایەنگرانی سەدر لە گۆرەپانی تەحریری بەغدا گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی غەززە و حەماس کرد. ئەوەش لەدوای بانگەوازی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هات بۆ ئەنجامدانی "خۆپێشاندانی ملیۆنی".
سەدرییەکان دروشمی توند دەڵێنەوە و ئامادەیی خۆیان نیشاندەدەن کە هەر کاتێک فەرمانیان پێ بکرێت ئامادەن بۆ شەڕ دژی ئیسرائیل بچنە غەززە.
حازم ئەعرەجی، سەرکردە لە رەوتی سەدر دەڵێت، "پەیاممان پشتیوانی تەواوەتییە بۆ شۆرشی فەلەستین بۆیە دەڵێین ناکرێت عەرەبی موسڵمان خۆی دووربگرێت لەو شۆڕشەی فەلەستین، بۆیە پەیاممان ئەوەیە نەخێر بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان، نەخێر بۆ داگیرکەر نەخێر بۆ ئیسرائیل نەخێر بۆ ئەو ناپاکە عەرەب و موسڵمانانەی کە تەنانەت بە وشەیەکیش پشتیوانی سەرکەوتنی گەلی فەلەستین ناکەن."
عەلی محەممەد خۆپیشاندەرە و دەڵێت، "ئامادەین رۆح و دڵمان بکەینە قوربانی بۆ گەلی فەڵەستین تەنانەت ئەمە کورەکەمە هێناومە ئێستا دەینێرم بۆ فەڵەستین ئێستا دەینێرمە فەڵەستین."
هەر لە بەغدا بەڵام لە ناوچەی ئەعزەمییە، سونەکانیش خۆپیشاندانی پشتیوانیان بۆ غەززە رێکخست، داوایان کرد حکومەت و پەرلەمانی عێراق بڕیار دەرکەن بۆ ئەوەی سەرجەم پەیوەندییەکانیانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانە بپچرن کە نزیکن لە ئیسرائیل.
محەممەد سامەرائی، یەکێکی دیکەیە لە خۆپیشاندەران و دەڵێت، پەیامی ئەمڕۆ تۆفانە، ئەمڕۆ هەموومان لەگەڵ قودس و غەززەداین. هەموو موسڵمانان لێرەوە لە ئەبو حەنیفەی نوعمانی پیرۆز و شەریفەوە لەگەڵ برایانمانین لە غەززە کە توانیویانە سەرکەون بە سەر ئیسرائیلدا. ئێمە دەڵێین لە ئەعزەمییەوە بۆ گۆڕەپانی تەحریر بۆ موجاهیدەکانی رەوتی سەدر یەک لاشەین، هەموو عێراق بۆ بابەتەکە یەک لاشەیە."
لەسەر ئاستی پەرلەمانیش زیاتر لە 60 واژۆ لەلایەن پەرلەمانتارانەوە کۆکراوەتەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەى پرسی غەززە و سەرکۆنەکردنى هێرشەکانى ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ