رووداو - بەغدا
بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن و هەڕەشەی کشانەوەی لە پڕۆسە سیاسی، گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی بە شێوەیەک شێواندووە، لەڤ و تەڤگەر کەوتووەتە ناویان.
بڕیارە لە ماوەی 24 کاژێری داهاتوودا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە دوو کۆبوونەوەی جیاواز و بە ئامادەبوونی کەسە یەکەمەکانیان، لێکەوتەکانی ئەو بڕیارەی پارتی و چۆنێتی رەوینەوەی نیگەرانییەکانی تاوتوێ بکەن.
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، "هیچ گومانی تێدا نییە ئەوەی روو دەدات هیچکام لە لایەنەکان پێی رازی نین، بە هیچ شێوەیەک دڵخۆشمان ناکات، کشانەوە بە مانای تێکدانی شەراکەت دێت، بۆیە ئێمە بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ تێکدانی ئەو شەراکەتە نین لەگەڵ پارتی، بەو پێیەی ئێمە و ئەوانە لەنێو یەک کەشتیداین."
سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە و سوننەوە، لەگەڵ ئەوەدان لاپەڕەیەکی نوێ لەنێوان هەولێر و بەغدا هەڵدرێتەوە، بەتایبەتی بۆ کۆتاییهێنان بەو بێ متمانەییەی ساڵانێکە دروستبووە، کە بە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی کێشەکانی دەبینن.
کازم شەمەری، سەرکردە و پەرلەمانتاری سوننەکان دەڵێت، "دوای تێپەڕبوونی 20 بۆ 21 ساڵ، دەبینین برایانمان لە کورد لە دادگەی فیدراڵی دەکشێنەوە، هەروەها دەیانەوێت لە حکومەتیش بکشێنەوە؛ ئەوەش وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر سیاسەتەکانی بەغدا. بەڕاستی ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە خاڵی سفر، بۆیە پێویستە لایەنەکانی دیکە دەستوەردان بکەن بۆ نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان و رێگە لە پشێوی بگیرێت."
لەسەر ئاستی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەکانیش، لە بەغدا دوای بڕیارەکەی پارتی نیگەرانی دروستبووە و هەمووان بەو ئاراستەیە دەدوێن کە هەولێر و بەغدا ببنە هاوبەش و هاوکاری راستەقینەی یەکدی.
نیگەرانییەکانی کورد بەگشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی لەو حکومڕانییەی ئێستا، دۆخێکی خوڵقاندووە کە خەریکە دەستەکان لێک بترازێن و کۆڵەکەی بەهێزی پێکەوەیی و هاوبەشی لەرزۆک بێت. پرسێک کە لایەنە شیعەکان ناچار دەکات هەرچەند مەیلیان بە تاکڕەوییش بێت، لە دانوستاندنەکاندا مەرجەکانی پێکەوەیی لەبەرچاو بگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ