بەغدا گوژمەیەکی دیکەی مووچەی فەرمانبەران خەرج دەکات

26-08-2024
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا گوژمەیەکی دیکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 26ـی ئابی 2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریدا بڕی 34 ملیار و 657 ملیۆن و 489 هەزار و 988 دینار بۆ مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 21ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد.
 
رۆژێک دواتر وەزارەتی دارایی عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەستپێکرد. دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق نزیکە لەوەی دەستپێبکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 7ـیان وەرنەگرتوە. 
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، محەممەد شیاع سوودانی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت و هەشتی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دەربڕی. 
 
هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ئەوکانتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان کرد و بڕیاریدا "ئەمڕۆ بڕیار بدات بە خەرجکردنی مووچەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی 7 و هەفتەی داهاتووش مانگی 8 خەرج بکرێت".
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە