رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوانی کۆتایی هات و دواجار ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بەشێوەی قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات کە بۆ مانگەکانی (9، 10 و 11) دیاریکراوە، لە کۆبوونەوەکەشدا وەزیری دارایی عێراق راسپێردرا لە رۆژی دووشەممەوە دەست بە رێکارەکانی ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بکات بۆ مووچەی (مانگی نۆ)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە رووداوی گوت: "بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دەنێردرێت، تایبەت بە مانگەکانی (9، 10 و 11)، ئەمڕۆش وەزیری دارایی [عێراق] راسپێردرا کە رێوشوێنە ئیداری و داراییەکان بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و ئەوانیش بۆ مووچەی فەرمانبەران دابینی بکەن."
لەبارەی نایاسایبوونی ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان، چەند پەرلەمانتارێک دەیانەوێت سکاڵا لەسەر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تۆماربکەن، خالید شوانی لەوبارەیەوە دەڵێت: "ناردنی ئەو پارەیە یاساییە."
وەزیری دادی عێراق دەشڵێت: "پێم وانییە هیچ جۆرە سەرپێچییەکی دەستووری هەبێت لەو بڕیارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران داوییەتی چونکە ئەم بڕیارە دابینکردنی قەرزە، بە وردیش لایەنە یاساییەکانی دیراسە کراوە ئەگەر بەشێوازێکی دیکە بوایە رەنگە قابیلی ئەوە بوایە تانەی لێ بدرێت، لە دادگەی فیدراڵی، ئەوانیش بڕیارێکی دیکەیان بدایە بەڵام لەبەر ئەوەی قەرزەکە حکومەتی فیدراڵی داویەتی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دواتر لەچوارچێوەی پاکتاوی دارایی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەپێی یاسای بودجە پاکتاو دەکرێت."
بڕیارە بەمزوانە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان میوانداری وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق بکات بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بدەن.
حوسێن موئنیس، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: لیژنەی دارایی سوورە لەسەر خەرجکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم[ـی کوردستان]، چونکە رۆڵەی ئەم وڵاتەن، بێگومان کێشە هەیە لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە نێوان حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، هیوامان وایە کێشەکان چارەسەربن، ئێمە ئەو پرسە دەبەینە سەر مێزی لیژنەی دارایی پشتیوان بەخوا گەیشتنە چارەسەر نزیکە لەسەر ئەو پرسە."
لەم کاتەدا ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە دەرفەتێکی نوێ دروست بێت لەم قۆناخە تاوەکو هەولێر و بەغدا دەگەنە چارەسەرێکی بنەڕەتی، بۆ کێشەی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە و کێشەکانی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ