رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو چووەتە دوایین خاڵی سنووریی نێوان عێراق و کوێت، بەدواداچوونی بۆ دەنگوی فرۆشتنی بەشێکی خاکی عێراق بەو وڵاتە کردووە. کێشەکە لەسەر ژمارەیەک خانووە کە 102 خێزان ساڵانێکی زۆرە لێی نیشتەجێن، شوێنەکە دەکەوێتە نێوان سنووری هەردوو وڵات و لەو بۆشاییەیە کە نە سەربازی عێراقی و نە کوێتی بۆیان نییە بیبەزێنن.
لەسەر داوا و پارەی کوێت و بە رەزامەندیی عێراق، کۆمەڵگەیەکی نوێ دروستکراوە، بۆیە زۆرینەی خەڵکەکەی ئێستا لەو بۆشاییە ئەمنییە نەماون و لە کۆمەڵگە نوێیەکەدا نیشتەجێبوون. عەلی یەکێکە لەو کەسانەی هێشتا ماڵ و حاڵی جێنەهێشتووە، ئەویش دڵخۆشە بە پڕۆژەکە، بەڵام چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکانی وەرگرتنی دەکات.
عەلی عەباس، دانیشتووی سەر سنووری نێوان عێراق و کوێت بە هەڵکەت عەزیز، پەیامنێری رووداوی گوت، "پشتیوان بەخوا پارێزگار هەموو خانووەکان دابەش دەکات، ئەم خانووانەی ئێرە راستە دەبێت نەمێنن، چونکە نزیکە لە سنووری کوێت، بەڵام ئێمە یەک شتمان دەوێت، نابێت بەهیچ شێوەیەک دەستدرێژی بکرێتە سەر خاکی عێراق."
ئەو کۆمەڵگە نوێیەی کە کوێت لە ئوم قەسر دروستی کردووە، لە 228 خانوو پێکدێت، هەر خانوویەک دوو نهۆمە و لەسەر رووبەری 200 مەتر دروستکراون. کۆمەڵگەکە قوتابخانە، مزگەوت و بنکەی تەندروستیشی تێدایە، دەنگی ناڕازی لەوێ نابیسترێت، هەمووان خۆشحاڵن لە شوێنێکی بێ خزمەت و وێرانەوە چوونەتە ئەوێ.
عەلا مەهدی، دانیشتووی کۆمەڵگە نوێیەکە باسی لەوە کرد، "بەدڵنیاییەوە دۆخمان لێرە زۆر باشترە، لەبەر ئەوەی لەوێ خزمەتگوزاری نەبوو، کارەبا و ئاو نەبوو، شەقامەکانیش قیرتاو نەکراوبوون، بەڵام ئێرە زۆرباشە".
ئەحمەد خەزعەلی، دانیشتوویەکی دیکەی کۆمەڵگە نوێیەکەیە و گوتی، "خودا شاهێدە، کوێت یەک بست نەهاتوونەتە پێشەوە نە لە دیوی خۆیان و نە لە دیوی عێراق، هەر لایەنە و لەسەر سەنگەری خۆیەتی، ئەو خانووانەشی ئێمە لێی نیشتەجێبووین 500 مەتر دوور بوو، بە رێکەوتنی نێودەوڵەتیش دەبێت 500 مەتر لە سەنگەرەکان دووربێت".
چەند رۆژێکە بەشێک لە چالاکوان و پەرلەمانتار و لایەنی سیاسییش، حکومەتی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکەن کە شارۆچکەی ئوم قەسری لە بەسرە بە کوێت فرۆشتووە، حکومەتیش بە فەرمی رایگەیاند، ئەمانە تۆمەتن و کوێت یەک بست نەهاتووەتە نێو خاکی عێراق، سنووری ئەو دوو وڵاتە هەر وەکو ئەوەیە کە لە ساڵی 1994ـە دیاریکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ