رووداو دیجیتاڵ
لایەنگرانی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە بەغدا بۆ پشتیوانیکردن لە غەززە و حەماس، لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا خۆپێشاندانیان کرد، درووشمەکانیان دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بوون، دەشڵێن، چاوەڕوانی "فەتوای عەلی سیستانی" دەکەن بۆ چوونە نێو غەززە.
خۆپێشاندەران داوایان کرد، سەرجەم وڵاتانی عەرەبی بۆ شەڕ دژی ئەو دوو وڵاتە و پشتیوانیکردنی غەززە بێنەدەنگ، لەناو خۆپێشاندانەکاندا، شێخ کازم فەرتوسی، گوتەبێژی کەتائیب سەید شووهەدا، بە رووداوی گوت، "لەم شوێنەوە کە نزیکی باڵیۆزخانەی ئەمریکایە، دەڵێین، رێگە نادەین دەستوەردان لە دۆزی فەلەستین بکرێت تا ئەو کاتەی دادپەروەری بەرپا نەکرێت، مامەڵەی دروست لەگەڵ دۆزی فەڵەستین نەکرێت. ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەهێزەوە هاوکاری و پشتیوانیی راستەوخۆی کیانی سەهیۆنی داگیرکەر و دوژمن دەکەن، ئەوان هاوبەشی ئەو جەنگەن کە هەیە."
خۆپێشاندەران وەکو خۆیان دەڵێن، چاوەڕێی فەتوای سەید عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دەکەن بۆ جیهاد و شەڕ لە دژی ئیسرائیل.
حەسەن عەلی، خۆپیشاندەرە و لەبارەی رۆشتنیان بۆ فەلەستین دەڵێت، "چاوەڕێی فەرمانی مەرجەعییە دەکەین یەکسەر برۆین بەرەو فەلەستین، ئێمە لەخزمەتی ئەوانین، رۆح و گیانمان دەکەینە قوربانیی قودس و خەڵکەکەمان لە فەڵەستین."
حەیدەر جەعفەر، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە، دەڵێت، پشتیوان بەخوا و ئەهلی بەیت، ''ئێمە هەموو ئامادەییمان هەیە، بە هەر رێگەیەک بێت، دەبێت هاوکاری 'پێشکەشی غەززە بکەین، دووەم پەیامم بۆ وڵاتانی عەرەبییە، هەندێک لە سەرۆکەکانی عەرەب بەکرێگیراوی ئیسرائیلن، بۆچی تاوەکو ئێستا هەڵوێستیان نییە؟
عێراق لەسەر ئاستی حکومەت و پەرلەمان و جەماوەریش لەگەڵ دەستپێکردنی شەری نێوان حەماس و ئیسرائیل، رۆژانە بە فراوانی و شێوازی جیاواز پشتیوانی خۆیان بۆ غەززە و حەماس دەردەبرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ