رووداو - بەغدا
یەکێک لەو هۆکارانەی وای لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد نەچێتە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بێبەشکردنی نزیکەی 400 هەزار دەنگدەرە بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان، وەکو ئاماژەیان بۆ کردووە؛ بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، کێشەکەیان چارەسەر کردووە و بۆ رۆژی دەنگدانیش 5%ی دەنگدەران لە هەر بنکەیەکی دەنگدان، بە هەر هۆکارێک بێت پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە، دەتوانن بەبێ پەنجەمۆر بەشداریی پرۆسەکە بکەن و دەنگ بدەن.
جومانە غەلای، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆن دەڵێت، "نابێت کێشە لە پەنجەمۆردا هەبێت، هیچ کێشەیەک لە پەنجەمۆردا نییە، بابەتی کارتی بایۆمەترییش کۆمیسیۆن بەردەوام دەبێت لە چاپکردن و دابەشکردنی، ئەوەی لەسەر دەنگدەر پێویستە ئەوەیە کە بچێتە نزیکترین بنکەی دەنگدان لێی تاوەکو کارتی بایۆمەترییەکەی وەربگرێتەوە بۆئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات و نوێنەری خۆی دیاری بکات."
زیاتر لە سێ ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، بەڵام نزیکەی سێ ملیۆنیان بایۆمەترییان کردووە، کۆمیسیۆن وەکو کارئاسانییەک بۆ دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری، خەڵکی ئاگادار دەکەنەوە کە تاوەکو رۆژی بەر لە دەنگدان دەتوانن بچن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.
د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "لەدوای دەنگدان قۆناخێکی ترمان دەبێت، ئەویش بابەتی سکاڵا و تانەکانە، پاشان پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیە، بۆیە پێموایە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن بەڕاستی گرنگە تاوەکو بتوانن کارەکانی خۆیان بە شێوەیەکی باش ئەنجام بدەن."
سەبارەت بە وادەی پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران و پارت و هاوپەیمانێتییەکانیش، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، تاوەکو 28ی ئەم مانگە وادەکە درێژکراوەتەوە.
راگەیاندنی بەشدارینەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تائێستا کاریگەریی لەسەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دروستنەکردووە و لەڕووی تەکنیکی و پراکتیکییەوە لە کارەکانیان بەردەوامن؛ بەڵام درکیان بەوەش کردووە کە بەشدارینەکردنی پارتی لەم هەڵبژاردنە پڕۆسەکە تاسەر بە ئاسانی نابات، بۆیە لەگەڵ نێردەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەسەر هێڵن تاوەکو پارتی لەو بڕیارە پاشگەز بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ