ئەنجامی سەردانێکی دوو رۆژەی نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر - بەغدا

15-01-2024
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوە یەک لەدوای یەکەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوو رۆژدا بۆ پێداگریکردن بوو لە ناردنی مووچە کە نابێت لەمەودوا ببێتە نووچە، لە نیوەی دانوستاندنەکاندا عێراق بڕیاری ناردنی 618 ملیار و 587 ملیۆن دیناری دا بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هاونیشتمانییان هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو، هەروەها بووە ناونیشانی هەواڵی بەپەلەی میدیاکانی هەرێمی کوردستان. 
 
لەدوای کۆتاییهێنان بە کۆبوونەوەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆران رایگەیاند، "بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە بابەتەکان بوو کە ئێمە لەگەڵ وەزیری نەوت و سەرۆکوەزیران قسەمان لەسەری کرد، بەهیوای ئەوەیەن ئەم پرسە لەماوەیەکی کورتدا چارەسەر بکرێت، ناتوانم بڵێم کەی، بەڵام من پێم وایە ئێمە لەسەر رێگەیەکی دروستین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیەش چارسەر بکرێت."
 
لەبارەی ئەوەی کە لەمەودوا بەبێ قەرز پارە بۆ کوردستان دەنێردرێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مافی خۆیانە کە دەبێت مووچە لەکاتی خۆیدا وەربگرن، ئێمە هیوادارین ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران سەرەتایەک بێت بۆ کۆتایی هێنان بەو کێشەیە."
 
دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کورستان و زیانەکانی هەرێمی کوردستان لە هێرشە درۆنییەکان، لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی بوو لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان، هەموان هاوڕابوون کە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەندە بە ئاسایشی عێراقەوە.
 
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر بە رووداوی گوت، "ئێمە لەیەک نیشتمان و وڵاتدا دەژین، لەکۆتایدا هەست و سۆزی نیشتمانیمان بەرامبەر یەکدی هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان، بابەتی بۆردوومانکردن و ناردنی درۆن بۆ سەر هەولێر یان بۆ سەربازگەکانی دیکە، بەڕاشکاوانە ئەمە پێویستی بە لێکتێگەیشتن هەیە، دەوڵەت دەبێت رێوشوێن بگرێتە بەر بۆ ئەمانە، دەوڵەت کە دەبینێت دژی عێراق هێزێک هەیە، دەبێت ئەو هێزە بکاتە دەرەوە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەمواری یاسای بودجە گفتوگۆی چروپڕی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کرد و تاوەکو لە پەرلەمان بەربەستی بۆ دروست نەکرێت، ئەمەش دەبێتە کارئاسانییەک بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان تاوەکو باشتر و ئاسانتر لەگەڵ فراکسیۆن و پەرلەمانتارە شیعەکان بەتایبەتی، بگەنە ئەنجام. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای 17 کۆبوونەوەی بەرهەمدار لە ماوەی دوو رۆژدا، بەغدای بەجێهێشت، سەردانەکە چەندین کێشە و گرفتی تێدا چارەسەرکرا، گرنگترینیان ناردنی پارە بوو بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئێستا ئەوەی دەمێنێتەوە پێداگریکردنە لە هەمواری یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە