رووداو - بەغدا
وا مانگی هەشت تەواو دەبێت، کەچی هێشتا بەغدا مووچەی مانگی حەوتی هەرێمی کوردستانی نەناردووە؛ پرسێک تەنانەت دەنگی ئەندامە عەرەبەکانی لیژنەکانی داراییشی بەرز کردووەتەوە، هەربۆیە بڕیاریان داوە بەدواداچوون بۆ هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن و دەڵێن، "قبووڵ ناکەین ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت."
حوسێن موئنس، ئەندامی لیژنەی دارایی دەڵێت، "لیژنەی دارایی سوورە لەسەر خەرجکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چونکە رۆڵەی ئەم وڵاتەن، بێگومان کێشە هەیە لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە لەنێوان حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، هیوامان وایە کێشەکان چارەسەر بن. ئێمە ئەو پرسە دەبەینە سەر مێزی لیژنەی دارایی، پشتیوان بە خوا گەیشتن بە چارەسەرێک نزیکە لەسەر ئەو پرسە. قبووڵی ناکەین ئەم دۆخە بەردەوام بێت و پێداگر و سوورین لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق."
یاسای بودجەی عێراق و دەیان دانوستاندن و رێککەوتن، حکومەتی عێراق ناچار دەکات بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام لە کاتێکدا بەغدا وا ئامادەکاری بۆ پێدانی مووچەی مانگی 9 بە مووچەخۆرانی عێراق دەکات، چارەنووسی مووچەی مانگی 7ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانیی واژۆیەکی وەزیری دارایی عێراق، بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی دەڵێت، "هەرێم [ـی کوردستان] هەموو ئەوەی لە توانایدا بووە رادەستی کردووە، لەسەر نەوتیش پەنجا هەزار بەرمیل نەوتی رادەست کردووە، بەڵام کێشەکە لە هەرێم [ـی کوردستان] نییە، بەڵکو حکومەتی فیدراڵی توانای وەرگرتنی هەر ئەو بڕە نەوتەی هەیە ئێستا. ئەوەی کە تایبەتە بە بابەتی باجی ناوخۆش ئەمە یەکێک بوو لە خاڵی ناکۆکیی نێوانیان کە ئاخۆ رادەستکردنی باج دەچێتە چوارچێوەی چالاکیی ناوخۆیی، هەرێم [ـی کوردستان] لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر ئەوە بڕیاریدا کە داهاتی باجیش رادەست دەکات، بۆیە لەسەر حکومەتی عێراق پێویستە پابەندییەکانی بەرامبەر هەرێم[ـی کوردستان] جێبەجێ بکات."
بەپێی یاسای بودجە، ئەو پارەیەی تەرخانکراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ تەواوی ساڵی 2023، 10 تریلیۆن و 867 ملیار دینارە، واتە مانگانە 906 ملیار دینار تەرخانکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ