رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا ژنێک دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ هاوژینەکەی کە تازە لە زیندان ئازاد بووە، کچە سێ مانگ و 15 رۆژەکەی بەزەویدا کێشا و گیانی لەدەستدا. باوکی منداڵەکە نەیتوانی بۆ دواجار کچەکەی لەباوەش بکات، بۆیە بەردەوام دەگری و هاوار دەکات.
عەلی سالم، باوکی منداڵەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ ئەو منداڵەت والێکرد؟ بۆ هیچ بیرت نەکردەوە؟ نەتگوت ئەوە کچمە پەروەردەم کردووە، نەتگوت چیم بەسەرهات کاتێک لەدایکبوو، بەخوا لە دۆخێکدا بووم تەنیا خودا خۆی دەزانێت. حاڵم چۆن بوو؟ گوتم دەی کێشە نییە خودا هەیە، ئەو کچەمان بووە خودا لە چاوی ئەوەوە دەرگەی خێرم لێ دەکاتەوە، خودا لە چاوی کچەکەم رزقی دام، پێشتر کرێکار بووم بە 20 هەزار دینار، بەڵام دووکانی خۆم کردەوە و خودا رزقی دام."
کاتی رووداوەکە، جگە لە دایک و باوکی، خاڵی منداڵەکەش میوانیان بووە. خوشک و برا، تاوانی مردنی کچەکەیان خستبووە پاڵ باوکی منداڵەکە، بەڵام دوای ئەوەی هەرسێکیان دەستگیر کران، ژنەکە دوای لیکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان، دانی بەوە داناوە کە خۆی کارەکەی کردووە.
ئەدیبە یونس، نەنکی منداڵەکە بە رووداوی راگەیاند، "سزاکەی هەر چەندێک بێت کەمە، سزای لەسێدارەدان کەمە بۆی، بەخوا سزای لەسێدارەدان کەمە بۆی، حاشا لە کوڕەکەشم دەکەم لەپێش ئێوە ئەگەر بێت و خۆشبێت لەو ژنە و سکاڵاکەی دژی فاتمە
کە منداڵەکەی کوشتووە، بکشێنێتەوە."
بەنینی تەمەن سێ مانگ و 15 رۆژ، یەکەمین و رەنگە دوایین منداڵی ئەم هاوسەرگیرییە بێت، کە کەسوکاری پیاوەکە بە پەیوەندییەکی پڕ کێشە ناوی دەبەن. ئەوان هیوایان وابوو بە لەدایکبوونی ئەم منداڵە، ژیانی ئەم دوو هاوژینە سەقامگیر بێت، کەچی هەر شەڕ و ناکۆکییەکان کۆتایی بە ژیانی منداڵەکە هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ