رووداو - بەغدا
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنی سیاسی دەکرێت، دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقمان راگرتووە."
چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە کە بڕیارە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی و بەشداریی کەسی یەکەمی حیزبە شیعە و سوننەکان و نوێنەرانی پارتی و یەکێتی بەڕێوەبچێت و قسەی کۆتایی لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە بکرێت کە لەبارەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە کراون.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەیە، ئەم بابەتەی هەرێمی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکە لەوێ باس دەکرێن، ئومێدەوارین بە لێکتێگەیشتن بەوەی کە لەنێوان هەردوو حکومەتدا رێککەوتنی لەسەر کراوە، لەناو پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. زۆرینەی لایەنە شیعەکان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نین کە کراوە، بەڵکو ئەوە سەپێندراوەتە سەریان، کەشێکی وایان دروستکرد کە بەم شێوەیە تێبپەڕێت، خۆیشیان بڕوایان بەوە نییە کە دەنگی لەسەر دراوە."
بەپێی ئەو نووسراوە کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردوویەتی، لیژنەی دارایی پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی کردووە و لەبری 23 ئەندام، ئەندامانی لیژنەی دارایی کراون بە 24 ئەندام، ئەمەش کارەکانی لیژنەی دارایی راگرت، ئەوانەی تووڕە کرد کە دەستیان لە گۆڕینی مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان هەبوو.
محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتاری عەسائیب ئەهل حەق دەڵێت، "بەبێ بەشکردنی هەرێمی کورستان بە هیچ شێوەیەک وارید نییە و دەستی بۆ نەبردراوە، بەڵام هەندێک کەس دەیانەوێت بەم شێوەیە بڵاوی بکەنەوە، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کراون، بێگومان بەگوێرەی رێژە و قەبارە دانراون، بۆ هەموو پارێزگاکان و هەرێمیش وا بووە، بەپێی رێژەی دانیشتووانە."
کورد چاوەڕێی رێککەوتنی سیاسییە لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو لیژنەی دارایی پێداچوونەوە بە بڕگە و مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بکات و بگەڕێنەوە بۆسەر هەمان ئەو دەقەی کە لە حکومەتی عێراقەوە هاتووە و پێشتر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەسەر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ