بەغدا رەزامەندیی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی کوردستان

03-04-2024
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندیی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە و بڕیارە ئەمڕۆ پارەکە بنێردرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای کۆدی بایۆمەتری، وەکو پێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە لەنێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ رەزامەندیی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و بڕیارە ئەمڕۆ پارەکە بنێردرێت.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، بڕیارە ئەمڕۆ پارەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و "بڕی پارەکەش 300 بۆ 350 ملیار دینارە."

تاوەکو ئێستا زانیاری بەردەست نییە لەبارەی ئەوەی پێدانی مووچەی مانگی سێی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە چی میکانیزمێک دەبێت، کە ئاخۆ لەسەر بنەمای کۆدی بایۆمەتری یان رێککەوتنی نوێ دەکرێت.

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە
 
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و یەکێک لەو بابەتانەی دەیانەوێت یەکلایی بکەنەوە، پرسی خەرجکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەیە بۆ مانگی سێ و مانگەکانی داهاتوو.

هەروەها پرسەکانی پڕۆژەی "هەژماری من" و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێک دەبن لە گفتوگۆکانی شاندەکەی حکومەت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق.
 
وەزیری دادی عێراق: بەربەستی یاسایی و سیاسی بۆ ناردنی مووچەی مانگی سێ نییە
 
شەوی سێشەممە 2ی نیسانی 2024 خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق وەڵامی پرسیاری زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدای دایەوە و گوتی، "هیچ بەربەستێکی یاسایی یان سیاسی نییە بۆ رەوانەکردنی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. هەوڵەکان لەپێناو ئەوەیە پێش جەژن مووچە خەرج بکرێت."
 
لەبارەی ناردنی ناوی هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، خالید شوانی گوتی، "ئەو رێککەوتنە بەراییەی لەنێوان هەردوو لایەندا کراوە بەو جۆرەیە، ناوی هێزە ئەمنییەکان بە کۆد بنێردرێت و تاوەکو ئێستاش ئەو رێککەوتنە کارپێکراوە."
 
بۆ ناردنی بەردەوامی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دادی عێراق، کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە، گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەگوێرەی میکانیزمەکان لیست رەوانەی بەغدا بکات و دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە، رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت بۆ خەرجکردنی پارە. هیچ رێگرییەکی یاسایی و سیاسی لە رەوانەکردنی مووچەکەدا نییە."
 
خالید شوانی ئاماژەی بە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هەندێک جار [ناردنی پارە] دوادەکەوێت. پێویستە وەزارەتی دارایی [هەرێمی کوردستان] و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداویستییە کارگێڕی و داراییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق جێبەجێ بکەن و خۆیان لەگەڵ ئەم میکانیزمانە رابێنن کە لە حکومەتی ئیتیحادی پیادە دەکرێن."
 
بە گوتەی وەزیری دادی عێراق، هەموو وەزارەتەکانی حکومەتی عێراقیش ئەگەر بێتو رێوشوێنە کارگێڕییەکانیان کێشەی تێدابێت، ئەوا وەزارەتی دارایی بودجەکانیان نانێرێت تاوەکو چارەسەری نەکەن.
 
تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق تەنیا مووچەی مانگەکانی یەک و دووی ئەم ساڵی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. بۆ مووچەی مانگی شوبات، زیاتر لە 600 ملیار دیناری ناردووە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان داوای 949 ملیار دیناری کردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد حەسسان (یەکەمی لای راست) لەکاتى یاوەریکردنى سوودانى بۆ ناوەندى ئۆپەراسیۆنەکانى سەرژمێری لە وەزارەتى پلاندانان، وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

نوێنەرى سکرتێرى UN بۆ عێراق: سەرژمێرى گەرەنتیی دابەشکردنێکى دادوەرانەى داهاتە

نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، سەرژمێرى هەنگاوى گرنگە بۆ داهاتووى عێراق و گەرەنتیی ماف و گەیشتنە بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و، دابەشکردنێکى دادوەرانەى داهات لەنێوان ناوچە جیاوازەکاندا.