رووداو دیجیتاڵ
شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی داوای سێ 700 ملیار دیناری دیکەیان کردووە بۆ مانگی 10 و 11 و 12. سوودانیش گوتوویەتی داواکارییەکە دەخرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە بەغدا بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێ موچەی دیکە بۆ مووچەخۆران.
کۆبونەوەکەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تیمی حکومەتەکەی بوو، تێیدا داواکرا سێ قەرزی دیکەی 700 ملیار دینارییان پێبدەن تا ئەو کاتەی یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە.
بریارە ئەم پرسە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە.
عەمار سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی دەڵێت، "چووینە هەرێم [ـی کوردستان] بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم [ـی کوردستان] زانیارییەکانیمان وەرگرت، پێکەوە راپۆرتێکی هاوبەشمان ئامادەکرد، گەیاندمانە لایەنە پەیوەندیدارەکان، پشتیوان بە خودا کارەکان بە ئاراستەی دروست دەچن، بابەتی فەرمانبەرانیش راپۆرتمان ئامادە کرد و گەیاندمانە لایەنی پەیوەندیدار. بێگومان ئەم راپۆرتە بە تاکلایەنە ئامادە ناکرێت، راپۆرتەکان لە ئەنجامی کاری هاوبەشی نێوان دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بەرهەم هاتووە."
هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لەپێناو جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانە لە خەرجیی راستەقینە و ململانێ سیاسییەکان، هەروەک پرسی زیادکردنی کرێی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتیش خرانەڕوو. بۆ ئەمەش سوودانی رایگەیاندووە، بەدوای رێگە چارەیەکدا دەگەڕێن، لەبارەی راپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانیش شتێكی وا نەماوەتەوە کە جێگەی سەرنج و گلەیی بێت.
فەریق سلێمان، راسپێردراو بە راپەڕاندنی کاروباری دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەو راپۆرتانەی کە کردوومانن هەموو لایەنەکان لێی رازی بوون، هەریەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقیش، تێبینی هونەری هەر دەبێت، بەڵام تێبینییەکی وا نییە کە جێگەی مشتومڕی گەورە بێت، راستە کێشەی هونەری هەیە، بەڵام کێشەکان گەورە نین."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تەواوکردنی بەپەلەی رێکارەکانی خەرجکردنی دوایین 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران داوایەیەکی دیکەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ