بڵاوکراوەکان

كۆمپانیای رووداو، لە سەرەتای دروستبوونیدا لە نیسانی 2008دا، هەفتانە سێ هەفتەنامەی دەردەكرد، كە بریتیبوون لە: (رووداو) ، (رووداوی وەرزشی)، (نم نم). هەروەها چاپی كوردی (لۆمۆند دیپلۆماتیك) بەهەردوو شێوەزاری كرمانجی سەروو و خواروو بڵاوكردەوە.

هەفتەنامەی نم نم، هەفتەنامەیەكی كۆمەڵایەتی بوو و پاشكۆیەكی بۆ نابینایان لەگەڵدابوو. نم نم دوای یەك ساڵ وەستێندرا.

كۆمپانیای رووداو بۆ كاروباری میدیایی، لەساڵی 2008 دامەزراوە. لە 5ی نیسانی 2008 هەفتەنامەی (رووداو)ی بڵاوكردەوە، هەروەها ماڵپەڕی رووداویش لەهەمانكاتدا دەستی بە بڵاوكردنەوە كرد. بەڕێوەبەری رێپێدراوی كۆمپانیای رووداو و سەرنووسەری هەفتەنامە و ماڵپەڕیش ئاكۆ محەممەد بوو. هەفتەنامەی (رووداو) تائێستا بەردەوامە، لە سلێمانی چاپدەكرێت و لە باشووری كوردستان بڵاودەكرێتەوە. لە ساڵی 2014ەوە (سەلام سەعدی) سەرنووسەریەتی و (ساڵح قادر) جێگری سەرنووسەر و (نەوزاد مەحموود) بەڕێوەبەری نووسینە.

كۆمپانیای رووداو بۆ كاروباری میدیایی لە 4ی حوزەیرانی 2008 هەفتەنامەی (رووداوی وەرزشی) دەركرد كە سەرنووسەرەكەی (ئیحسان تاهیر) بوو و لەسەرەتای ساڵی 2019دا وەستێندرا.

لە رۆژی 6/7/2009 دا چاپی ئەوروپای هەفتەنامەی (رووداو)، لەشاری كوێلن لە ئەڵمانیا چاپكرا لە ئەوروپا و دوای ماوەیەك لە توركیاش بڵاودەكرایەوە. چاپی ئەوروپا بەهەردوو شێوەزاری كرمانجیی سەروو ( بە تیپی لاتینی ) و شێوەزاری كرمانجیی خواروو ( بە تیپی ئارامی ) بڵاودەكرایەوە. سەرنووسەری ئەو چاپە ئاكۆ محەممەد بوو، بەڵام دوو بەڕێوەبەری نووسینی هەبوو، بەڕێوەبەری نووسینی بەشی كرمانجیی خواروو (هێمن عەبدوڵڵا) بوو ، بەڕێوەبەری كرمانجیی سەروو (فەیسەل داغلی /نەسرەدین ئاكیۆل ) بوو. چاپی ئەوروپا لە كۆتایی 2013دا وەستێندرا.

لە تشرینی دووەمی 2009دا چاپی كوردی مانگنامەی فەرەنسی (لۆمۆند دیپلۆماتیك)ی بەهەردوو شێوەزاری كرمانجیی سەروو و خواروو بڵاوكردەوە، كە ئەوكات بە 26 زمان بڵاودەكرایەوە لە جیهاندا. سەرنووسەری كرمانجیی سەروو (فەیسەل داغلی)بوو، سەرنووسەری كرمانجیی خوارووش (نەزەند بەگیخانی ) بوو.

  • رووداو- کوردستان

    رووداو: رۆژنامەیەكی هەفتانەی 20 لاپەڕەییە، تۆڕی میدیایی رووداو هەفتانە هەموو دووشەممەیەك بڵاویدەكاتەوە. بەپێی راپرسییەكان رووداو پرخوێنەرترین رۆژنامە بوو لە هەرێمی كوردستان و، سەرچاوەیەكی سەرەكی هەوڵی زۆربەی میدیاكان بوو بەر لە دەستپێكردنی پەخشی رادیۆ و تەلەڤزیۆن و پۆرتاڵی رووداو. ئێستاش رۆژنامەیەكی پڕ خوێنەری شرۆڤەیی سەنگینی كوردستانە. لەگەڵ (رووداو) دا، پاشكۆی (ئەدەب و كولتوور)یش بە چوار لاپەڕە بڵاودەكرێتەوە.

  • رووداو- ئەوروپا

    رووداو- چاپی ئەوروپا: هەفتانە بەهەردوو شێوەزاری كرمانجیی سەروو و خواروو، هەموو رۆژانی پینج شەممە لە ئەڵمانیا چاپدەكرا و لە ئەوروپا بڵاودەكرایەوە.لە كۆتایی 2013دا وەستێندرا.

  • رووداو- وەرزش

    رووداوی وەرزشی: هەفتانە رۆژانی سێشەممە بە دیزاینێكی رەنگاو رەنگ چاپدەكرا و پڕ فرۆشترین هەفتەنامەی وەرزشی بوو لە هەرێمی كوردستان. لە سەرەتای ساڵی 2019دا وەستێندرا.

  • ئەدەب و کولتوور

    ئەدەب و كولتوور، پاشكۆیەكی وێژەیی و هونەری و كولتوورییە، رۆژانی دووشەممان لەگەڵ (رووداو)دا بڵاودەكرێتەوە. لە پاشكۆی ئەدەب و كولتووردا، نووسەران و هونەرمەندان، بۆچوون و لێكۆلینەوەكانیان سەبارەت رووداوە وێژەیی و هونەرییەكان دەردەبڕن.

  • پزیشکی تۆ

    پاشكۆیەكی پزیشكی مانگانەی (رووداو) بوو، یەكەم ژمارەی لە 9ی كانوونی دووەمی 2017 بڵاوكرایەوە، دوایین ژمارەی لە رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2017دا بڵاوكرایەوە.