رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 30-08-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
مەبەستی سەردانی شاندەکە، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانە و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی لەگەڵدایە.
لەبارەی هۆکاری سەردانەکەوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە لە یاسای بودجەی عێراق."
بڕیاریشە، وەک هەڵکەوت عەزیز دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی دووەم کە لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی پێکدێن بچنە بەغدا.
لە کۆتایی مانگی ئابداین و تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووزیان وەرنەگرتووە. ئەوە لە کاتێکدایە مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مانگی ئابیشیان وەرگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە، بەڵام پارە نانێرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ