باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق: پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق یارمەتیی ئابووریی سووریا بدەن

26-02-2025
تەنیا ئەحمەد
کریستیان هۆمان دێنهاردت، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
کریستیان هۆمان دێنهاردت، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
نیشانەکردن کۆڕبەندی هەولێر2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەڵێت، کورد لە سووریا دەرفەتێکی گرنگیان بۆ هاتووەتە پێش، بەڵام دووچاری ئاڵنگاریی زۆریش دەبنەوە. هەروەها بەپێویستی دەزانێت سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا بەشداری پێكهێنانی حکومەتی نوێی سووریا ببن.
 
رۆژی چوارشەممە 26-02-2025، یەکەمین رۆژی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر بەڕێوەچوو کە ناوەندی رووداو بۆ توێژینەوە رێکیخستووە. 
 
لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی حکومەتە رۆژئاواییەکان و پرسی پاراستنی مافی کەمینەکان لە سووریای دوای رژێمی ئەسەد، کریستیان هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق‎ لەبارەی ستراتیژییەتی ئەڵمانیا بۆ حکومەتی نوێی سووریا و پێکهاتەکان، بەتایبەتی کورد؛ گوتی: "کورد ئێستا دەرفەتێکی گەورەیان هەیە، بەڵام دووچاری ئاڵنگاریی زۆریش دەبنەوە. دیکتاتۆرەکە رۆیشت، بەڵام ئێستا پرۆسەیەکی زۆر زەحمەت هەیە کە بریتییە لە چۆنیەتی دروستکردنەوەی سووریایەکی دیموکرات، ئەم پرۆسەیەش هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی سووریا لەخۆدەگرێت."
 
کریستیان هۆمان گوتی، دەوڵەمەندیی سووریا فرەنەتەوەییەکەیەتی. ئەوە راستە کە چەندین ئایینی تێدایە، چەندین پێکهاتەی نەتەوەیی تێدایە؛ پێویستە هەموویان لە حکومەت بەشداربن. ئەمە پرۆسەیەکی گشتگیرە و پێویستە هەمووان قسەی خۆیان لەسەر سیمای داهاتووی سووریا هەبێت. هەربۆیە، دیالۆگی نیشتمانی زۆر گرنگە، ئەمەش بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان بەشداری پێبکات. پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداربن و بۆچوونی خۆیان دەربڕن.
 
خانمە باڵیۆزەکە لەبارەی روانگەی ئەورووپا بۆ سووریا گوتی: "ئەگەر سەیری ئەو بڕیارانە بکەی کە لەسەر سووریا لە کۆنفڕانسی پاریس دران. دەبینی کە لەخۆگرتن و گشتگیری رێگەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمەش، کە چۆن بتوانین پشتگیریی لە سووریا بکەین. ئاڵنگارییەکان هەن، بێگومان پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاو هەیە، پرۆسەکەش بریتییە لە مەرجدارێتی."
 
ئەم دووشەممەیە وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا بڕیاریان دا بەشێک لە سزاکانی سەر سووریا هەڵگرن یان هەڵپەسێرن، ئەمەش بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی کە ئەگەرێک هەیە بۆ ئەوەی ئابووریی وڵاتەکە دەست بە بووژانەوە بکات، چونکە تاوەکو ئابوورییەکی کارات نەبێت، ناتوانی هیچ شتێک بۆ دروستکردنی دەوڵەت بکەیت. 
 
خانمە باڵیۆزەکە هۆشداری دا، بڕیارەکەی یەکێتیی ئەورووپا هەڵپەساردنە، ئەمەش بەو مانایەی، ئەگەر شتەکان بە ئاراستەی سووریایەکی گشتگیر نەڕۆیشتن، ئەگەری ئەوە هەیە سزاکان زۆر خێرایی بسەپێنرێنەوە. 
 
هەسەدە و ئاڵنگارییەکانی ئاسایش
 
دڵبخوین دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کە پانێڵەکەی بەڕێوەدەبرد، لە کریستیان هۆمان پرسی، گرووپە چەکدارەکان کە تورکیا پشتگیرییان دەکات، هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). هەسەدەش شانبەشانی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە نێو هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدایە، ئێوە چۆن دەتوانن رێگە لەو هێرشانە بگرن؟
 
کریستیان هۆمان لە وەڵامدا گوتی: "ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە، دووبارە یەکێک لە خاڵە زۆر گرنگەکان ئەوەیە دڵنیابیتەوە کە پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیرت هەیە کە هەمووان لەخۆ دەگرێت، کە تێیدا بتوانیت رێککەوتنێک بدۆزیتەوە کە سوودی بۆ هەمووان هەبێت، چونکە ئەم پرۆسەیە لەبارەی یەک وڵاتە. هەسەدە مامەڵەی لەگەڵ پێشێلکارییە ئەمنییەکان کردووە و لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشەوە پشتیوانی لێکراوە.
 
ناڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق هەروەها گوتی: "من دارێکی سیحراویم پێنییە کە پێتان بڵێ لە چەند مانگی داهاتوو چی روودەدات، ئەمە پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاوە. ئێمە هەروەها پێویستە ببینین حکومەت چۆن مامەڵە لەگەڵ هێز و دەسەڵاتدا دەکات، ئەمەش بێگومان دەکەوێتە سەر دانوستاندنەکانی هەسەدە و حکومەتی ناوەندی. ئەمەش خۆی لە خۆیدا پرۆسەیەکی دیکەیە کە ئێستا روودەدات، دیسانەوە هەنگاوی هاوبەش پێویستن."
 
ئەڵمانیا چاوەڕێی کردار لە پرۆسەی سیاسی سووریا دەکات
 
پرسیارێکی دیکە ئەوەبوو، ئەڵمانیا چۆن لە داهاتووی سووریا دەڕوانێت؟ چۆن حکومەتی شەرع دەبینێت؟ چۆن دانوستاندن دەکەن؟
 
کریستیان هۆمان گوتی: "ئێمە گوێ لە راگەیێنراوەکان دەگرین، گوێ لە پلانە سیاسییەکان دەگرین، بەڵام ئەو پلانانە پێویستییان بە هەنگاوی کردەییە، ئێمە وەکو ئەکتەرە بیانییەکانی ناوچەکە، تەنیا گوێ ناگرین بەڵکو لەگەڵ دیاسپۆراش کاردەکەین، چونکە دیاسپۆرا رۆڵێکی گرنگی هەیە. پرۆسەی گشتگیر و لەخۆگر زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئابووری ببووژێتەوە و خەڵک هەست بکەن کە دەنگیان هەیە و پەراوێز ناخرێن. ئێمە بژارەکان هەڵنابژێرین، بەڵکو گەلی سووریا هەڵیدەبژێرن؛ بەڵام ئێمە دەتوانین گوێ لە نیگەرانییەکان و پلانی داهاتوو بگرین. بەڵێ، ئێمە گوێ دەگرین، بەڵام دەشمانەوێت کردارەکانیش ببینین کە دەبنە مەرجی داهاتوو."
 
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: "دەمانەوێت هەنگاوەکان ببینین و بە بەڵگە بسەلمێنرێن. ئێمەش وەکو هاوبەشەکانی ناوچەکە بە وریاییەوە مامەڵە دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەوە بە چ ئاراستەیەک جووڵە دەکات. ئایا هەمان ئەو ئاراستەیەیە کە لە قسەکانەوە گوێمان لێبووە؟ بۆیە ئێمە زۆر پەرۆشین و چاوەڕێی ئەنجامەکانی دیالۆگی نیشتمانی دەکەین. ئەمە توخمی سەرەکیی بەگەڕخستنی وڵاتەکەیە. پرسیارمان لەسەر دەستوور و هەڵبژاردنی داهاتوو هەیە. لەم قۆناخە هەستیارەی راگوزەردا، کە هیچ شتێک لەجێی خۆیدا نییە، هەڵوێستی ئێمەش جێگیر نییە و دەگۆڕێت. هەر شتێکیش رووبدات، کاردانەوەمان بۆی دەبێت."
 
"دەبێت هەرێمی کوردستان و عێراق یارمەتی سووریا بدەن"
 
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە پانێلەکە باسی لە دۆخی ئابووری سووریا کرد و گوتی: "ئەگەر ئێمە بمانەوێت شتێکی باش بۆ گەلی سووریا بکەین، مەبەستم بۆ هەموو کەسێکە، گرنگ نییە سەر بە کام نەتەوە و ئایینە. ئەمە خۆشگوزەرانیی ئابوورییە، ئەمە ئەگەرێکە بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستەت هەبێت بۆ ئەوەی خێزانی خۆت تێر بکەیت و هەست بکەیت لە نیشتمان و ماڵی خۆتی."
 
باڵیۆزی ئەڵمانیا پێیوایە هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانن یارمەتی هەستانەوەی ئابووریی سووریا بدەن و دەڵێت: "کۆمەڵگەی کوردی لێرە [هەرێمی کوردستان] دەتوانن یارمەتیدەر بن، ئەمە پەیوەندیی ئابوورییە و شتێکی نوێش نییە. شتێک نییە کە دابهێنرێت، لەوانەیە پچڕان و زەحمەتی هەبێت، بەڵام ئەوە بۆ بینینی رۆشنیایی کۆتایی توونێلەکە گرنگە. دۆخی ئابووریی سووریا زۆر قورسە. پێویستیی بە هێزێکی زۆریشە بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ بیت. عێراق وڵاتێکە بە ئەزموونی هاوبەشدا تێپەڕیوە. بۆیە عێراق دەتوانێت ئەزموونی خۆی لە قۆناخی راگوزەری ئابووریدا پێشکێش بکات کە کۆی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی لەودیو سنووری خۆی [سووریا]، یارمەتیی بنیادنانی ئابوورییەکی تەندروست و جێگیر بدات."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە