رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە چین دەکات و دەڵێت، ئەگەر لەو پێناسە گومرگییەی خستوویانەتە سەر ئەمریکا پاشگەز نەبنەوە، واشنتن 50٪ پێناسی گومرگیی زیادە دەخاتە سەریان و بەمجۆرە پێناسی گومرگیی چین دەگاتە 104٪.
رۆژی دووشەممە، 07-04-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا (بە کاتی هەرێمی کوردستان) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ، پۆستێکی لەسەر چین کرد و هەڕەشەی تووندی لێکردن.
ترەمپ گوتی: "دوێنێ چین پێناسی گومرگیی تۆڵەسەندنەوەی 34٪ـیان بەسەر ئەمریکادا سەپاند، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پێشتر پێناسی گومرگییان بەسەر ئەمریکا سەپاندبوو."
رۆژی 01-04-2025 ترەمپ پێناسی گومرگی بۆ وڵاتانی جیهان راگەیاند. چین یەکێک بوو لەو وڵاتانەی پێناسە گومرگییەکەی بەرزبوو، 34٪ بوو، بۆیە بە هەمان رێژە وەڵامی دایەوە.
ترەمپ هەڕەشەی دەکات و دەڵێت: "ئەگەر تاوەکو سبەی دووشەممە، چین لەو 34٪ـە پاشگەز نەبێتەوە، ئێمەش پێناسی گومرگیی زیادەی 50٪ـیان بەسەریاندا دەسەپێنین و لە 9ـی نیسانەوە جێبەجێ دەکرێت."
ترەمپ سەرەتا 20٪ و دواتر 34٪ـی باجی خستەسەر کاڵا هەناردەکراوەکانی چین بۆ ئەمریکا، ئەگەر ئەم 50ـیەش بسەپێنێت، پێناسی گومرگیی چین دەبێتە 104٪.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "هەموو گفتوگۆیەکی تایبەت بە پێناسی گومرگی لەگەڵ چین رادەگیرێن. جگە لە چین، لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان گفتوگۆ دەکەین."
پێش ئەم پۆستە، ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا نووسی: "هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر پێناسە گومرگییەکان گفتوگۆمان لەگەڵدا دەکەن. پێناسە گومرگییەکان قورسن بەڵام دادپەروەرانەن."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ قسەی لەگەڵ شیگێرو ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کردووە. ئەو بە ترەمپی راگەیاندووە، تۆکیۆ تیمێک بۆ دانوستاندن دەنێرێتە واشنتن.
ترەمپ لەبارەی ژاپۆن گوتی: "ژاپۆن لە رووی بازرگانییەوە مامەڵەیەکی زۆر خراپی لەگەڵدا کردووین. ئەوان ئۆتۆمبێلی ئێمە ناکڕن کەچی ئێمە ملیۆنان ئۆتۆمبێلی ئەوان دەکڕین."
ترەمپ بەکورتی باسی چینیشی کرد و گوتی: "دەبێت هەموو شتێک لەگەڵ چین بگۆڕێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ