رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دەڵێت، لە گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، پێشنیازی سفرکردنەوەی پێناسە گومرگییەکانی هەردوولایان لەسەر بەرهەمە پیشازییەکانی یەکدی کردووە.
رۆژی دووشەممە، 07-04-2025، ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند: "ئامادەین دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکەین. بێگومان، پێشنیازمان کردووە هەردوولا پێناسە گومرگییەکانی سەر یەکدی، لەسەر بەرهەمە پیشەسازییەکان سفر بکەنەوە. پێشتر ئەو کارەمان بە سەرکەوتوویی لەگەڵ چەندین هاوبەشی بازرگانی کردووە، چونکە ئەورووپا هەمیشە بۆ رێککەوتنی باش ئامادەیە."
خانمە بەرپرسەکەی ئەورووپا رایگەیاند: "ئەو دەستەوارەیە زۆر لە پێشتر و چەندین جار دووبارە کراوەتەوە، بۆ نموونە، لە کەرتی ئۆتۆمبێل."
ڤۆن دێرلاین باسی ئەوەی نەکرد کەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ یەکەمجار ئەو پێشنیازەی داوەتە ئەمریکا.
رۆژی 01-04-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە باخچەی رۆز لە کۆشکی سپی رایگەیاند، بە رێژەی جیاجیا پێناسی گومرگی دەخەنە سەر کاڵای وڵاتانی جیهان، کە بۆ ئەمریکای هەناردە دەکەن.
ڤۆن دێرلاین گوتیشی، کاردانەوەیەکی گونجاویان لە واشنتن نەبینیوە، "هەمیشە ئەورووپا ئامادەی رێککەوتنە، بۆیە ئەم بژاردەیە لەسەر مێزی گفتوگۆ دەهێڵینەوە."
لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندنەکاندا، خانمە سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە گوتی: "ئامادەین وەڵام بدەینەوە و بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی خۆمان بکەین."
مارۆس سێفکۆڤیچ، بەرپرسی بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند: "ئێمە ئامادەین هەموو رێوشوێنێک بەکاربهێنین بۆ ئەوەی بازاڕ، بەرهەمهێنەران و بەکاربەرانی یەکێتیی ئەورووپا بپارێزین."
ئیلۆن مەسک، راوێژکارە ملیاردێرەکەی ترەمپ هەفتەی پێشوو سەری لە ئەورووپییەکان شێواند و گوتی، هیوادارە ئەمریکا و ئەورووپا پێناسە گومرگییەکانی یەکدی سفر بکەنەوە.
رۆبەرت هابێک، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا لەسەر قسەکەی مەسک گوتی: "ئەگەر ئەو دەیەوێت شتێک بڵێت، پێویستە بچێتە لای سەرۆکەکەی و بڵێت، پێش ئەوەی پێناسە گومرگییەکان سفر بکەینەوە، دەبێت ئەو بێماناییە بوەستێنین. ئەو پشێویەی کە دروستتکردووە، بیوەستێنە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ