رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی رێککەوتنێکی نوێ و گەرەنتیکار دەکەن لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەوان دوای گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر عێراق، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی لە هەموو کات نزیکترن لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکۆر لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "لە دوو رۆژی رابردوو، راگەیێندراوێکی بەهێزمان لە سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بیست کە دەبێت بەخێرایی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە. ئێمە ئاگادار و سوپاسگوزاری گوشاری واشنتنین لەسەر سەرکردەکانی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بەو پرسە بهێنن."
مایڵز کاگینز باس لەوەش دەکات، "کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتی 8 کۆمپانیای بیانی نەوت دەکات زۆر لەوبارەیەوە روون بووە کە پێویستیمان بە رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتەکە هەیە و ئەو رێککەوتنانەش دەبێت دڵنیایی لە پێدانی پارەدا بدەن، ئێمە پێویستیمان بە گەرێنتی هەیە لەبارەی ئەوەی کە چۆن ئێمە پارەکانمان پێدەدرێت لەبەرامبەر ئەو نەوتەی کە بەرهەمی دەهێنین، ئەمە قۆناخی داهاتووی هەناردەکردنەوەی نەوتە".
پرسی نەوت و وزە لایەنێکی سەرەکی رۆژی یەکەمی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر بوو، کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بەڕێوەدەچێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتووگۆ تایبەتەکەی رایگەیاند، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هەموو شتێک ئامادەیە و تەنیا هەندێک بابەتی تەکنیکی ماون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، "ئێستا هەموو شتێک ئامادەیە، تورکیا ئامادەیە و لایەنی عێراقیش ئامادەن، هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە پارەی کۆمپانیاکان چۆن وەربگیرێت و بە چی شێوەیەک بێت، ئەوانە بابەتی تەکنیکین، بەڵام بنەمایەکە بڕیاری لەسەردراوە. ئێمە چاوەڕێی ئەوەدەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەندەری جەیهان و دەرەوە بکرێت "
لە کۆڕبەندەکەدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا جەختیکردەوە لە کارکردن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت.
لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بەوەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە. راگرتنەکەش هەمیشە پاساوێک بووە بۆ نەناردنی بودجەی تەواوەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ