رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەرەی کوردستانیی سووریا دەڵێت، سیستمی فیدراڵی تەنیا رێگەیەکە بۆ دەستەبەرکردنی مافی کورد و هەموو پێکهاتەکان لە سووریا؛ گوتیشی، ئەگەر ئەنەکەسە و پەیەنەکە لە بەرژەوەندیی کورد کار بکەن، (دەبێت) دەست بە گفتوگۆ بکەن.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26-02-2025) سیامەند حاجۆ، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەرەی کوردستانی سووریا لەکاتی بەشداریکردنی لە یەکێک لە پانێڵەکانی کۆڕبەندی هەولێر لەبارەی پاراستنی مافی کەمینەکان لە سووریای دوای رژێمی ئەسەد، رایگەیاند، ''سیستمی فیدراڵی تەنیا بۆ پاراستنی مافی کورد نییە، بەڵکو فیدراڵی لەبەرژەوەندیی گشتیی سووریادایە.''
فیدراڵی یەکێک لە سیستمە نا ناوەندییەکانی بەڕێوەبەردنی وڵاتە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر ناوچە و پێکهاتەکانی وڵاتەکەدا. سیامەند حاجۆ ئاماژەی دا ''دەبێت هاوبەشی لە دەسەڵاتدا هەبێت. لەوکاتەوە کە سووریا دروست بووە، دەسەڵات لە دەستی گرووپێکی بچووکدا بووە، ئەوان سووریایان ئیدارە کردووە و بڕیاریان داوە، بەڵام فیدراڵی ئەوە رەتدەکاتەوە.''
سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەرەی کوردستانیی سووریا جەختی لەوە کردەوە، ''دەبێت سوورییەکان بەو باوەڕە بگەن؛ سیستمی فیدراڵی نەوەک تەنیا بۆ کورد گرنگە، بەڵکو بۆ هەموو سوورییەکان پێویستە.''
8ـی کانوونی یەکەمی 2024، رژێمی بەشار ئەسەد رووخێنرا. بەشێکی لایەنە سیاسییەکانی سووریا بەتایبەتی ئەوانەی ئێستا حکومەتی راگوزەریان پێکهێناوە، دژی سیستمی فیدراڵین بۆ وڵاتەکە. سیامەند حاجۆ گوتی، ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتن و دەسەڵاتی پێشووش، تەنیا باسی یەکسانیی هاووڵاتی دەکەن، بەڵام یەکسانیی هاووڵاتی و دیموکراسی، مافی نەتەوەکان ناپارێزێت.''
سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەرەی کوردستانیی سووریا ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لە سووریادا یەکسانیی هاووڵاتییانیش هەبێت، ''هێشتا بۆ ئێمەی کورد، گەرەنتی پێویستە.''
رۆژی سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا، لە کۆنگرەی ''دیالۆگی نیشتمانیی سووریا'' کە لە دیمەشق بەڕێوەچوو، گوتی، "ئەمڕۆ، سووریا هەمووتانی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی لەسەر داهاتووی سووریا راوێژ لەگەڵ یەکدی بکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، "سووریا دابەش ناکرێت؛ سووریا بە تەواوەتی گشتگیرە و هێز لەیەکگرتندایە."
سیامەند حاجۆ، رەخنەی لە دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع گرت و گوتی، ''ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، حکومەتێکیان پێکهێناوە کە کوردی تێدا نییە، کۆنگرەیەکی نیشتمانییان بەستووە کە لە 600 ئەندام، تەنیا 6 کورد تێیدا ئامادە بوون.''
سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەرەی کوردستانیی سووریا ئەوەشی خستەڕوو، ''لەو باوەڕەدام [دەسەڵاتی راگوزەر] کێشەیەکیان لەگەڵ کورددا هەیە، بۆیە دەبێت لە دەستووردا گەرەنتیمان هەبێت، پێمان وایە فیدراڵی دەتوانێت ئەم گەرەنتییە بدات بە کورد و تەنیا رێگەیەکە بۆ ئەوەی لە سووریادا بە مافی خۆیان بگەن.''
سیامەند حاجۆ باسی لەوە کرد، ئەحمەد شەرع تاوەکو ئێستا پێشوازی لە هیچ لایەن و کەسایەتییەکی کوردی نەکردووە. ''تەنانەت لەگەڵ تیکتۆکچییەکی ناسراو وێنەی گرتووە، بەڵام کاتێک لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هیزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەتەوە، وێنەی نییە''.
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، گرنگیی دیالۆگی کوردی-کوردی لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) زیاتر بووە، بۆ ئەوەی لایەنە کوردستانییەکان بتوانن پێکەوە لە چوارچێوەی شاندێکی یەگرتوودا بۆ دانوستاندن بچنە دیمەشق.
سیامەند حاجۆ پێیوایە، ''دەبووایە زۆر زووتر شاندێک بە تێڕوانینێکی سیاسیی شەفاف سەردانی شامی کردبووایە، بەڵام نەمانکرد، ئەمە کەموکوڕییەکی بەرچاوی لایەنە سیاسییەکانە.''
هێزە کوردییەکانی رۆژئاڤا بەسەر دوو بەرەی سەرەکی دا دابەش بوون، پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) لەلایەک و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کە چەتری چەند حیزبێکە، لەلایەکی دیکە. ئەوان چەندین خاڵی ناکۆکیان هەیە، بەڵام لە راگەیێندراوەکانیاندا کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێ کورد یەک نوێنەری لە شام دا هەبێت.
سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەرەی کوردستانیی سووریا دەڵێت، ''ئەنەکەسە و پەیەنەکە بەرپرسیارن؛ ئەگەر لە بەرژەوەندیی کورد کار بکەن، پێویست بوو زۆر زووتر لەوە گفتوگۆ و دانسوتاندنێکی سیاسی لەنێوانیان دروست بووایە، بەڵام نەکراوە و پێموانییە لە داهاتووشدا بکرێت.''
دیالۆگی کوردی - کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـەوە گفتوگۆکانیان راگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ