رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەتوانێت نێوبژیوانی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیادا بکات بۆ ئەوەی گرژییەکانیان لەسەر سووریا کەمبکەنەوە.
دووشەممە، 07-04-2025، ترەمپ لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، "پەیوەندیی زۆر باش"ـی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی تورکیا هەیە و دەتوانێت ببێتە نێوبژیوان.
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بە سەرۆکوەزیرانم راگەیاند، گوتم بیبی، ئەگەر تۆ کێشەیەکت لەگەڵ تورکیا هەیە، پێموایە دەتوانم چارەسەری بکەم."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "ئێوە دەزانن، من پەیوەندییەکی زۆر زۆر باشم لەگەڵ تورکیا و سەرکردەکەیدا هەیە و پێموایە دەتوانین چارەسەری بکەین."
تورکیا پشتیوانێکی سەرەکیی ئەو هێزانەیە کە کانوونی یەکەم، دوای 14 ساڵ شەڕی نێوخۆ، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا و حکومەتێكی راگوزەری نوێیان دامەزراند.
ئەو هەژموونەی تورکیا بەسەر دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریادا هەیە، ئیسرائیلی نیگەران کردووە.
ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سووریا و تانک و سەربازەکانیشی، پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی، بەشێکی زیاتری خاکی وڵاتەکەیان داگیرکردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەویش پێیوایە تورکیا لە سووریادا باڵادەستە و گوتی، بە ئەردۆغانی راگەیاندووە، "لە رێگەی بریکارەکانەوە دەستی بەسەرداگرتووە."
ترەمپ رایگەیاند: "گوتم، 'پیرۆزە، تۆ کارێکت کردووە کە دوو هەزار ساڵە کەس نەیتوانیوە بیکات. تۆ دەستت بەسەر سووریادا گرت.' لە ژێر ناوێکی جیاواز بەڵام هەمان شتە."
نەتەنیاهوو لە تەنیشت ترەمپەوە، نیگەرانیی ئیسرائیلی لەبارەی هەژموونی تورکیا لە سووریا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ دەتوانێت ببێتە نێوەندگیر.
ئەو گوتی: "ئێمە پەیوەندیی دراوسێیەتیمان لەگەڵ تورکیادا هەیە کە تێکچوون، ناشمانەوێت سووریا لە لایەن هیچ کەسێکەوە، بە تورکیاشەوە، وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاربهێنرێت."
نەتەنیاهوو گوتیشی: "باسمان لەوە کرد چۆن دەتوانین بە رێگەی جیاجیا خۆمان لە ململانێ بەدووربگرین و پێموایە بۆ ئەم مەبەستە دانوستاندنکارێکی باشتر لە سەرۆکی ئەمریکامان دەستناکەوێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ