رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

پاسکال ئوسێر، ئەدمیراڵی خانەنشینی هێزی دەریایی فەرەنسا و بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی مێدیتێرانێ بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ئەدمیراڵی خانەنشینی سەربازیی فەرەنسا دەڵێت، ئێستا هەریەک لە تورکیا، ئێران، ئیسرائیل و سعودیە یاریکەری سەرەکین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا و هۆشداری لە "پێکدادانی نێوان یاریکەرەکان دەدات."
دیپلۆماتێکی تورکیاش دەڵێت، بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، پێویستە لە بواری ئاسایش و بەرگریدا هاوکاریی یەکدی بکەین، شرۆڤەکارێکی ئێرانیش باس لە پاشەکشەی رۆڵی ئێران لە ناوچەکە دەکات و دەڵێت، "ئێستا لە هاوسەنگی هێزدا، ئێران شوێنی تورکیای گرتووەتەوە."
"داهاتووی ئاسایش، هاوسەنگییە سەربازی و ئەمنییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ بەردەوامیی شەڕ و گرژییەکان یان هاوسەنگی و سەقامگیری؟" ناونیشانی پانێڵی سێیەمی یەکەم رۆژی کۆڕبەندی هەولێر بوو، کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26-02-2025) لە هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد.
"چوار دەوڵەت یاریکەری سەرەکیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن"
پاسکال ئوسێر، ئەدمیراڵی خانەنشینی هێزی دەریایی فەرەنسا و بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی مێدیتێرانێ بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، کە یەکێک بوو لە بەشدارانی پانێڵەکە رایگەیاند، ئێستا جیهان لەنێو گۆڕانکارییەکی مێژوویی و گەورەدا دەژی. دوای نزیکەی دوو سەدە لە بەرەوپێشچوون بەرەو مۆدێلی ئەورووپی کەم یان زۆر، ئێستا لە جیهانێکداین کە لە هەموو لایەکەوە لە یەکدی دووردەکەوێتەوە.
پاسکال ئوسێر، کە 40 ساڵ لەنێو هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا خزمەتی کردووە، پێیوایە "ئێستا دەوڵەتەکان گرنگ بوون"، لە کاتێکدا 10 یان 15 ساڵ لەمەوبەر "دەوڵەت کەمتر گرنگ بوون، بەڵکوو ئابووری، رێکخراوە ناحکومییەکان، پیشەسازی و کۆمپانیاکان زیاتر گرنگ بوون."
ئێستا، چاوەکان چاوەکان لەسەر دیزایینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەتایبەتی دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر و رووخانی بەشار ئەسەد، ئەوەش سەرنجی ئەورووپا و ئەمریکای لەسەر ناوچەکە زیاتر کردووە.
بە بۆچوونی پاسکال ئۆسێر، دەوڵەتێکی وەکو فەرەنسا بۆ ئەوەی ململانێ لەگەڵ رکابەرەکانی بکات، سەرنجی خستووەتە سەر ئاسیا بە پلە یەک، کەمتر سەرنجی لەسەر ئەورووپایە.
پاسکال ئۆسێر، پێیوایە یاریکەرە بەهێزەکان ئەو وڵاتانەن کە دەوڵەت-نەتەوەی بەهێزیان هەیە، بۆ ئەمەش ئاماژە بە چوار دەوڵەت دەکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوانیش؛ تورکیا، ئێران، سعودیە و ئیسرائیل ـن.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی مێدیتێرانێ بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت "تورکیا، هێزێکی هەرێمییە کە ئەمڕۆ بەهێزترە لە 10 ساڵ لەمەوبەر، سعودیە، کە 10 ساڵ لەمەوبەر وا نەبوو، ئەمڕۆ یاریکەرێکی هەرێمییە، ئەویش بەهۆی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە".
پاسکال ئۆسێر ترسی هەیە، یاریی هێز لەنێو ئەو چوار وڵاتەدا رووبدات، وڵاتانی وەکو لوبنان و سووریا کە پرسی دەوڵەت - نەتەوەیان چارەسەر نەکردووە، لەو نێوانەدا زەرەرمەند بن. ئەو شرۆڤەکارە فەرەنسییە بە پێویستی دەزانێت، یەکێتیی ئەورووپا خۆی لەگەڵ ئەو یاسا نوێیەی یاریکردن بگونجێنێت.
پاسکال ئۆسێر پێیوایە پرسی سەقامگیری، ئاسایش و سەروەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەمەترسیدان. ئەو دەڵێت، "چونکە من پێشتر سەربازی بووم، بۆ من ئاشکرایە مەترسی هەیە بۆ ئەوەی رووبەڕووبوونەوە، رکابەری، لەنێوان ئەم چوارەدا رووبدات".
مزەفەر ئاکیڵدرم، دیپلۆمات و ئەفسەری سەربازی خانەنشینکراوی تورکیا، یەکێک بوو لە بەشدارانی ئەو پانێڵە، کە بە سلاید قسەکانی رووندەکردەوە، بە گوتەیەکی بێرنارد لویس لە کتێبی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باسی روانگەی ئێستای تورکیای بۆ ناوچەکە کرد، دەڵێت "ئەوانەی نایانەوێت رووبەڕووی رابردوو ببنەوە، ناتوانن لە ئێستا و لە داهاتوو تێبگەن."
ئەو باسی گرنگیی جیۆپۆڵەتیكی کرد و نموونەی بە تورکیا هێنایەوە؛ "تورکیا تێگەیشتنێکی تەواوتان پێدەدات هەموو رێگاکانی بازرگانی، وزە، ژێرخان، گواستنەوە بەم ناوچەیەدا دەڕۆن. هەموو جەنگە گەورەکان کە لەم ناوچەیەدا روویانداوە، بەهۆی وزە، گواستنەوە و بازرگانی و پێویستییەکانی بازاڕی هەر ئەکتەرێکی سەرەکی جیهان بوون، تورکیا و تورک بەشێکی بوون."
ئاکیڵدرم 19 ساڵ لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا و 25 ساڵیش لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا خزمەتی کردووە، لە وەزارەتی دەرەوە زیاتر لەسەر بابەتەکانی ناتۆ - یەکێتیی ئەورووپا کاری کردووە، بەهۆی گرنگیدانیشی بە پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ماوەیەک لە ئەفغانستان کاری کردووە. دواپۆستی کۆنسووڵی گشتی بووە لە کازاخستان.
مزەفەر ئاکیڵدرم، پێیوایە بۆ ئەوەی ناوچەکە سەقامگیر بێت، "پێویستمان بە گەشەپێدانیێتی، بۆ ئەمەش پێویستمان بە دوو شت هەیە؛ یەکەمیان سەرکردایەتی. دووەمیان بەشداریکردنی هەموو ئەکتەرەکان و هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر."
مزەفەر ئاکیڵدرم دەڵێت "دەبێت هاوکاری لە بواری ئاسایش و بەرگریدا پەرەپێبدەین و پێکەوە گەشەبکەین و پێکەوە سەربکەوین. دەرفەتێکی مێژووییمان هەیە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان و داڕشتنی داهاتوو."
هەروەها گوتی "دەبێت بژاردەی 'چاوەڕێکە و ببینە' بەجێبهێڵین و راوێژی زیاتر لەنێوان خۆماندا بکەین. نابێت رێگە بدەین ببینە ناوەندی کۆچ و زەمینەی تەشەنەسەندنی تووندڕەوی و تیرۆریزم. هەروەها دەبێت رێگری لە ئاژاوەی زیاتر و وێرانکردنی کۆمەڵگاکان بکەین. دەبێت داکۆکی لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی دەوڵەتەکان بە گشتی و بێ هیچ جیاوازییەک بکەین."
"هیلالی شیعە؛ هیلالی بەرگرییە"
بەشداربووی سێیەمی ئەو پانێڵە، د. ئیبراهیم موتەقی پرۆفیسۆری زانستی سیاسی و زانکۆی تاران بوو، کە پسپۆڕی ئاسایشی ناوچەییە، باسی رۆڵی جیۆپۆڵەتیکی ئێرانی لە رابردوو و ئێستا کرد.
موتەقی گوتی "لە سەردەمی جەنگی عێراق دژی ئێران، نیشانەی بیرکردنەوەیەکی نوێی جیۆپۆڵەتیکی بۆ ئێران دروست بوو. لە سەردەمی جەنگدا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیووانیی هەمەلایەنەیان لە عێراق کرد. هاوسەنگیی هێز بە تەواوی گۆڕا. ئێران لە دۆخێکی بۆشایی جیۆپۆلەتیکیدا بوو. هەر وڵاتێک کەوتە نێو بۆشاییەوە، سرووشتییە کە لە داهاتوودا سیاسەتەکانی خۆی دەدۆزێتەوە."
بەبڕوای ئەو شرۆڤەکارە ئێرانییە، مانەوەی هەر دەوڵەتێک، بەندە بە دابینکردنی ئاسایشەکەی، بەڵام کاتێک ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر ئێران و وڵاتان لە دژی ئێران، یارمەتی رژێمی سەدامیان دا، ئەمە وایکرد پەنا بباتە بەر خۆیارمەتیدان لە دەرەوەی سنوور، کە لە فەرهەنگی سیاسی دا ناوی لێنراوە "بەرەی مقاوەمە."
د. ئیبراهیم موتەقی دەڵێت "بەرگری ئێران بۆ ئەوە نەبوو کە جیۆپۆڵەتیکێکی نوێ دروست بکات و ویستبێتی سیاسەتی هێز هەبێت. بەرگری ئێران بۆ هاوپەیمانی بوو." دەشڵێت "ئەوەی جیهانی رۆژئاوا بە ناوی هیلالی شیعە ناوی دەبات، بە بۆچوونی من هیلالێکی بەرگرییە."
تورکیا رۆڵی پێشووی ئێران دەبینیت
بەگوتەی د. ئیبراهیم موتەقی، لە ساڵی 2025 هاوکێشەی هێز، هاوسەنگیی ناوچەیی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەو دەڵێت: "ئێران لە ساڵی 2023 دەیتوانی رۆڵی هاوسەنگی هەبێت. ئەمڕۆ ئێران چیدی ئەم رۆڵەی نییە. تورکیا دەتوانێت ئەم رۆڵە بگێڕێت."
د. ئیبراهیم موتەقی ئاماژەی بەوە دا، نموونەی رۆڵی تورکیا پەیوەندیدار بوو بە دۆخی سووریا، "ئەوە تورکیایە کە دەتوانێت رۆڵی هاوسەنگی بگێڕێت. ئەو رۆڵەی ئێران هەیبێت، رۆڵێکی کاریگەرە، بەڵام رۆڵێکی ستراتیژی نابێت. ئەم رۆڵە ستراتیژییە لە ساڵی 2024 بەرەو تورکیا گوازراوەتەوە."
د. ئیبراهیم موتەقی، گوتیشی تورکیا لە داهاتوودا بەهۆی گێڕانی ئەم رۆڵەوە لە لایەک سیاسەتی هێز فراوان دەکات و لە لایەکی دیکەوە رووبەڕووی ئاستەنگی جیددیتر دەبێتەوە.
ئێران لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریا پاڵپشتیکارێکی بەهێزی رژێمەکەی بەشار ئەسەد بوو، بەڵام لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەی هەتەشە لە کۆتاییەکانی 2024، هیچ کاردانەوەی نەبوو. د. ئیبراهیم موتەقی دەڵێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە شەڕەکە لە 11 رۆژدا کۆتایی هات، ئەوە بوو ئێران دوای راوێژ لەگەڵ تورکیا، رووسیا و بەشار ئەسەد بەپێی روانگەی پراگماتیزیی خۆی، گەیشتە ئەو ئەنجامەی لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی، خۆی بپارێزێت و لە پانتایی دیپلۆماتیکیدا یارییەکە بەردەوام بێت.
"نەدەبووایە ئێران، هەولێر مووشەکباران بکات"
مەعد فەیاز، مۆدێرەیتەری پانێڵەکە لە د. ئیبراهیم موتەقیی پرسی "ئایا مووشەکبارانی هەولێ،ر بەشێکە لەم سیاسەتی پشتیوانی لە دیموکراسی، پشتیوانی لە ناوچەکە؟"
د. ئیبراهیم موتەقی گوتی "هەندێکجار، وڵاتان تووشی هەڵەتێگەیشتن دەبن. من مامۆستایەکم، روانگەی ستراتیژیم هەیە. ئەگەر داوای راوێژم لێ بکەن، بە روونی و راشکاوی دەیڵێم؛ هەرگیز نابێت هەولێر یان هەر ناوچەیەکی دیکەی ناوچەیی هێرشی بکرێتەسەر. کاتێک ئەم پەیوەندییە گەرموگوڕەمان لەگەڵ دەوڵەت و هەرێمی کوردیدا هەیە. من وەک مامۆستایەک ناتوانم پشتیوانی لەم جۆرە کارانە بکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ