رووداو دیجیتاڵ
لە نێو مزگەوتی برایەتی مامۆستا ئیبراهیم بە عەرەبی و ئەڵمانی باسی گرنگیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەکات بۆ داهاتووی ئاینەکەیان لە ئەڵمانیا. مزگەوتەکە لە بنەڕەتدا کوردییە، بەڵام بەردەوام جگە لە کورد، عەرەبەکانیش بۆ نوێژکردن رووی تێدەکەن.
مامۆستا ئیبراهیم خۆی لە دایکێکی ئەڵمان و باوکێکی فەلەستینییە، ئەو پێی وایە دەنگدان مافە و دەبێت موسڵمان بێباک نەبێت بەرامبەری.
ئیبراهیم هورانی، مامۆستای ئایینی دەڵێت: "وەک ئەوەی مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، ئەو دۆخەمان وەک ئەوکاتەیە لە ساڵی 1933 پێش ئەوەی هیتلەر بێت، دۆخەکە بە نزیکەیی وەک ئەو کاتەیە بە چاوێکی سیاسی و لەلایەنی میدیایی ئەو بابەتانەی قسەی لەسەر دەکەن بە نزیکەیی یەک شتە، تەنیا جیاوازی ئەوەیە لە کۆن دژ بە یەهوود بوو ئێستا دژ بە موسڵمانن."
لەگەڵ وتارە تووندەکانی دژ بە کۆچبەران لەلایەن پارتە راستڕۆکانی ئەڵمانیا هەندێک جار ناوی موسڵمانانیش بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێوەدەگلێندرێ. موسڵمانان وەک هەر پێکهاتەیەکی دیکەی ئەم وڵاتە پێیان وایە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەری لەسەر ئازادیی ئایینیی ئەوان لە ئەڵمانیا هەیە.
رەوا قەرەداخی، دەنگدەرێکی موسڵمانە و دەڵێت: "دەنگدانی ئەمجارە لە ئەڵمانیا زۆر گرنگە، خەڵکی وەک ئێمە کە خەڵکی ئەڵمانیا نین بەتەواوی، زۆر گرنگە کە بڕوات دەنگبدات بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین هێزێکمان هەبێت لێرە لە ئەڵمانیا."
هێرش حەمەخان 30 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت. ئەو زۆربەی جارەکان بەشداری لە هەڵبژاردندا کردووە و تەنانەت بە جلی کوردی خۆی و منداڵەکانی چوونەتە دەنگدان.
هێرش دەڵێت: "ئەو پارتانەی لە ئەڵمانیان SPD و CDU و سەوزەکان، ئەمانە هەموو ئەو حزبانەن کە لە پێشەوەن. لە پێشەوەی شانۆکەن بەڕاستی، حزبی دیکەش هەیە، وردە حیزب، بەڵام بەڕاستی تاوەکو ئێستا لەوانەیە من هەرچەند خەڵک بۆچوونی خۆی ناڵێ، بەڵام رەنگە من دەنگ بە CDU بدەم لەوانەیە."
لە دوای کریستیانەکان، موسڵمانان دووەمین زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیان کە ژمارەیان سەرووی پێنج ملیۆن کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ