رووداو دیجیتاڵ
بۆ رێگری لە کۆچی نایاسایی و خنکانی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزدا، پاریس و لەندەن دەیانەوێت رێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەن.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، فەرەنسا هەندێک کۆچبەری نایاسایی لە بەریتانیا دەگەڕێنێتەوە. لە بەرامبەر ئەوەدا، بەریتانیا رێگە بە ژمارەیەک کۆچبەر دەدات، بەشێوەیەکی یاسایی، لە فەرەنساوە بچنە وڵاتەکەی و لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانیان، یەک بگرنەوە.
واتە ئەو کۆچبەرانەی بەریتانیا بەشێوەیەکی یاسایی وەریاندەگرێت، پێویستە ئەندامانی خێزانیان بە شێوەیەکی یاسایی لە بەریتانیا بژین، نەک کۆچبەری نایاسایی بن.
بەریتانیا هەوڵدەدات کۆتایی بە گەشتی مەترسیداری کۆچبەرانی نایاسایی بەرەو وڵاتەکەی بێنێت، کە زۆر جار، بە ژمارەی گەورە، لە نێو بەلەمی چووپی نالەبەری بچووکدا، لە باکووری فەرەنساوە بەرەو کەناراوەکانی ئینگلاند بەڕێدەکەون.
فەرەنسا و بەریتانیا بڕیاریانداوە چاودێری لەسەر قاچاخچییەکان چڕبکەنەوە، کە ژیانی کۆچبەران دەخەنە مەترسییەوە.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، هەردوولا بیر لە رێککەوتنەکە دەکەنەوە.
لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی هەر کۆچبەرێکی نایاسایی لە لایەن فەرەنساوە، بەریتانیاش کۆچبەرێک وەردەگرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەی یەکبگرێتەوە، ئەمە بەگوێرەی وەزارەتەکە.
بە گوێرەی وەزارەتەکە، ئامانج لەم رێککەوتنە، "کردنەوەی رێگەی یاسایی و گەڕاندنەوەی کۆچبەرانە بۆ فەرەنسا تاوەکو تۆڕی قاچاخچییەکان لە کارەکەیان ساردبکرێنەوە."
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش دەڵێت، لەگەڵ فەرەنسا"بیر لە رێکاری تازە و داهێنکارانە دەکەنەوە بۆ ئەوەی تۆڕە تاوانکارییەکانی قاچاخچییەکان هەڵبوەشێننەوە."
پار زیاتر لە 36 هەزار و 800 کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندە بەریتانیا، واتە بەراورد بە 2023، ژمارەیان 25٪ زیادبوو.
بەگوێرەی دەزگەکانی فەرەنسا، پار 78 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا، گیانیان لەدەستدا.
بەریتانیا، بەلجیکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا کانوونی یەکەمی پار رێککەوتن، بۆ رێگری لە کۆچی نایاسایی، هاوئاهەنگیی نێوانیان بەهێز بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ