بەربژێرێکی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان ـی ئەڵمانیا: دەرکردنی هەموو کۆچبەران لە وڵاتەکەمان، گێلایەتییە

23-01-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دێنس کۆکە. بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتەکان ـی ئەڵمانیا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دێنس کۆکە. بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتەکان ـی ئەڵمانیا
نیشانەکردن هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرێکی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان ـی ئەڵمانیا دەرکردنی هەموو کۆچبەران لە وڵاتەکەیان بە "گێلایەتی" ناودەبات و دەڵێت، ئەوان پێویستیان بە سیستمێکی نوێی کۆچە لە وڵاتەکەیان، ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان نییە، دەبێ بگەڕێنەوە.
 
دێنس کۆکە، بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتەکان ـی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە بەرلین رایگەیاند: "نابێت بە گشتی بڵێین کۆچ خراپە بۆ وڵاتەکەمان. هەر کەسێک هۆکاری هەڵاتنی هەبێت، دەبێت بتوانێت بێتە ئەڵمانیا."
 
لەبارەی ئەو هێرشانەی بەمدواییانە لە ئەڵمانیا کران، ئەو بەربژێرەی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت "ئاڵوگۆڕی زانیاریی خێراتر" لە نێوان دەزگاکاندا هەبێت، نەوەک تەنیا لە سنووری ئەڵمانیا بەڵکو "لە سەرتاسەریی ئەڵمانیا."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دێنس کۆکە. بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتەکان ـی ئەڵمانیا:
 
رووداو: بەڕێز کۆکە، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، بەپێی راپرسییەکان بێت پارتەکەی بەڕێزتان دەنگی زۆری لە دەستداوە، دەبێتە سێیەم پارت. هۆکاری لە دەستدانی متمانەی دەنگدەرانتان بۆچی دەگەڕێننەوە و چۆن دەتانەوێت متمانەیان بەدەست بهێننەوە؟
 
دێنس کۆکە: ئێستا لە ئەڵمانیا لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازداین. پێویستە بە خەڵک بڵێین، ئەگەر لە 23ـی شوبات هەڵبژاردنێکی هەڵە بکەن، لە 24ـی شوبات لە وڵاتێکی جیاواز دا خەبەریان دەبێتەوە. پارتی ئەی- ئێف- دی (AfD) بە لای منەوە یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشەکان، کە دیموکراسی رووبەڕووی بووەتەوە. هەر کەسێک هێشتا وا بیر بکاتەوە، کە ئەم پارتە پارتێکی رەخنەگرە، ئەوا نیشانەکانی سەردەمی نەناسیوە. ئەمە مەترسییەکە بۆ سەر دیموکراسی. ئێمەش، هەموو پارتە دیموکراسییەکان، لە سیاسەتی ساڵانی رابردوومان تاوەکو رادەیەک بەرپرسیارین، چونکە هەمیشە دەمانگوت ئەم بابەتە خۆی چارەسەر دەبێت. دەمانگوت، پێویستە پشتگوێیان بخەین. بەڵام ناکرێت وا بکرێت. پێویستە بە خەڵک بڵێین راستییەکان چین. پێم وایە خەڵک کاتێک دووبارە متمانەمان پێ دەکەنەوە، کە بە راستگۆیی و راشکاوی پێیان بڵێین چی دەکرێت و چی ناکرێت.
 
رووداو: بەڕێزتان دەڵێن، دەبێت بە راستگۆیانە پێیان بڵێین چی دەکرێ و چی ناکرێ. پێم بڵێن، پلان و بەرنامەتان چییە و ئێوە چۆن دەتانەوێت ئەو کەسانەی کە  دەنگ بە پارتی جێگرەوە دەدەن راکێشنەوە بۆ لای خۆتان و دەنگ بە پارتەکەتان بدەن؟
 
دێنس کۆکە: پێموایە کە بڵێین ئەوەی لە هاوپەیمانێتیی گەورەدا لەگەڵ خاتوو مێرکڵ روویدا، بە گوتنی "ئێمە دەتوانین"، دەبێت بە خەڵک بڵێین کە ترسەکانیان بە هەند وەردەگیرێن. ئەگەر ئەو بابەتەی کە AfD یاریی پێدەکات، کە کۆچ کێشەیە، ئەوا کۆچ کێشەکە نییە. کۆچ کێشە نییە، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە دەبێت سەیری ئەوە بکەین، کە کێ بە دروستی مامەڵە لەگەڵ سیستمەکە ناکات، کێ دەوڵەتەکەمان بەکاردەهێنێت، دەبێت وەڵامێک بۆ ئەمە بدۆزینەوە، بەڵام نابێت بە گشتی بڵێین کۆچ خراپە بۆ وڵات.
 
رووداو: سیاسەتی کۆچبەرانی ئێوە بە دروستی چییە؟ پارتی جێگرەوە دەڵێ دەمانەوێت سنوورەکانمان بە بەردەوامی کۆنترۆڵ بکەین. هەموو ئەوانەی کە تاوانبارن دەیانێرینەوە یاخود ئەوانەی مانەوەی کاتییان هەیە، دەبێت بگەڕێنەوە. بەرنامەی ئێوە چییە؟
 
دێنس کۆکە: ئەوە هەر لە بنەڕەتەوە گێلایەتییە کە بڵێیت دەبێت هەموو خەڵک [کۆچبەران] دەربکرێن. بەبێ کەسانی پسپۆڕ یان بە گشتی خەڵکی بیانی، دیموکراسیەکەمان لێرە هەر گونجاو نییە. ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین. ئێمە پێویستمان بەوانە هەیە. ئەمە خاڵی یەکەمە. ئێمە پێویستمان بە یاسایەکی مۆدێرنی کۆچە. ئێمە وەک سۆسیال دیموکرات پشتگیری ئەمە دەکەین. هەروەها دەڵێین، هەر کەسێک کە هەڵاتووە و هۆکاری هەڵاتنی هەیە، ئێمە بەخێرهاتنی دەکەین. بەڵام دەبێت سەیری ئەوە بکەین کە رێکارە خێراکان ئەنجام بدرێن. دەبێت دڵنیا بین لەوەی کە خەڵک بڕیارێکی زوو وەردەگرن. ئەو کەسانەی کە سیستمەکە بەکاردەهێنن یان مافی مانەوەیان نییە، دەبێت بگەڕێنەوە. بەڵام هەر کەسێک هۆکاری هەڵاتنی هەبێت، دەبێت هەر بتوانێت بێتە ئەڵمانیا.
 
رووداو: ئێوە وەکو سۆسیال دیموکراتەکان دەتانەوێت چی بکەن تاوەکو ئەوەی لە شاری ماگدیبۆرگ روویدا، هەرگیز روونەداتەوە. بەڕێزتان ئاگادارن زۆربەی فەرمانگەکان ئاگاداربوون ئەو کەسە مەترسیدارە، بەڵام هیچیان نەکرد. ئێوە دەتانەوێت چ گۆڕانکارییەک بکەن؟
 
دێنس کۆکە: خەڵک دەڵێن لە داهاتووشدا ناتوانرێت پێش بە هەموو هێرشێکی تیرۆریستی بگیرێت، بەڵام دەبێت ئەم پرسیارە بکرێت، وەک بەڕێز مۆتزەنیخ کە ئەمڕۆ لێرە بوو بە روونی گوتی کە دەزگا ئەمنییەکان دەبێت زیاتر پێکەوە کار بکەن. دەبێت ئاڵوگۆڕی زانیاریی خێراتر لە نێوان دەزگاکاندا هەبێت، ئەمەش دەبێت لە سەرووی سنووری وڵاتان و لە سەرتاسەری ئەورووپا دا رووبدات. ئەمە بەڵێنی ئێمەیە بە خەڵک، لێرەدا دەبێت بە زووترین کات شتێک بکرێت.
 
رووداو: دەتوانی روونتری بکەیتەوە؟
 
دێنس کۆکە: پاراستنی داتا هەندێک جار مانای هەیە، بەڵام دەبێت دڵنیا بین لەوەی کە دەزگەکانی ئاسایش بە شێوەیەکی کاریگەر پێکەوە کار دەکەن. ئەمە لە سیستمێکی یەکگرتووەوە دەست پێدەکات. لە کۆتاییدا، کەس ناتوانێت پێم بڵێت کە شکستی هێنا لەبەر ئەوەی سیستمە تەکنیکییەکان نەیانتوانی پێکەوە کار بکەن. شتی وا نابێت روو بدات. دەبێت سەرکەوتوو بین لەمەدا. پێویستە دەزگە هەواڵگرییەکان باشتر پێکەوە ببەستینەوە.
 
رووداو: باشە ئێوە دەتانەوێت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا چی بکەن تاوەکو پارتی جێگرەوە دەنگی زۆر بە دەست نەهێنێت و ببنە دووەم بەهێزترین پارتی ئەڵمانیا؟
 
دێنس کۆکە: ئێمە دەمانەوێت ببینە بەهێزترین پارتی یەکەم، من واز لەم هیوایە ناهێنم. دەبێت بەڕاشکاوی بە خەڵک بڵێین کە ئەم پارتە بەڕاستی چی دەوێت. ئەوان دەیانەوێت مشتومڕ بڵاوبکەنەوە و خەڵک سووک بکەن. نابێت رێگە بەمە بدەین. دەبێت راستییەکان بە خەڵک بڵێین. دەبێت بۆ ئەڵمانەکان روون بکرێتەوە، ئاگاداربن، ئەمە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن نییە. ئەم پارتە دژی بیانییەکانە، دژی فرەچەشنییە و تەنیا بۆ مشتومڕە. دەبێت ئەمە بۆ خەڵک روون بکرێتەوە. ئەگەر ئێوە ئەمەتان دەوێت، ئەوا دەنگیان پێ بدەن، بەڵام ئەوکات ئەمە ئەو دیموکراسییە نابێت کە ئێمە دەیناسین.
 
رووداو: ئێستا ئابووریی ئەڵمانیا لە دۆخێکی باشدا نییە، دەتانەوێت چۆن ئابووری لەم دۆخە رزگار بکەن؟
 
دێنس کۆکە: بڕوام وایە ئابووری بابەتی سەرەکییە. بەڵام لێرەشدا رێگەچارەی زۆر باشمان هەیە. کاتێک دەبینم کە CDU بەڵێن دەدات باجی کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی گشتی کەم بکاتەوە، پێم وایە ئەمە هەڵەیە. ئەمە واتای بەهێزکردنی ئەو کۆمپانیایانەیە کە لە دەرەوە وەبەرهێنان دەکەن. ئێمە وەک SPD دەڵێین، 10٪‌ـی هەموو ئەو وەبەرهێنانانەی لە ئەڵمانیا دەکرێن، راستەوخۆ و بێ ئاڵۆزی دەگەڕێتەوە. بە بۆنەسی "دروستکراو لە ئەڵمانیا"، پێم وایە خەڵک و ئابووری بەرەوپێشەوە دەبەین. بەڵام پشتبەستن تەنیا بە گەشەی ئابووری، وەک CDU پلانی بۆ داناوە، سەرکەوتوو نابێت.
 
رووداو: پارتی AFD دەڵێ، وێستگەکانی کارەبای ئەتۆمی دەخەینەوە کار، ئێوە دەڵێن چی؟
 
دێنس کۆکە: ئەمە هەموو قسەی هەڕەمەکییە. یەکەم، ئێوە کەسێک نادۆزنەوە کە بیەوێت وێستگەیەکی ناوەکی بەڕێوە ببات. هەروەها هیچ کۆمپانیایەکی دڵنیایی نییە کە بیەوێت ئەمە دڵنیایی بکات. ئەمە هەمووی تەنیا مشتومڕە. ئێمە پێویستمان بە وزەی نوێبووەوە هەیە و ئەمەش تەنیا کاتێک دەکرێت کە ئێستا پارەی بۆ تەرخان بکرێت. وزەی ناوەکی مۆدێلێکی داهاتوو نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە نازانین چی لە پاشماوە کۆنەکان بکەین. مەترسییەکان زۆر زیاتر و لە رادەبەدەرن.
 
رووداو: پارتەکەی بەڕێزتان چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای سووریا دەکات و پلانتان چییە؟
 
دێنس کۆکە: پێویستە ئێستا زۆر بە وردیی چاودێری ئەوە بکەین کە لە سووریا چی ڕوودەدات. لەلایەکەوە من زۆر دڵخۆش و سوپاسگوزارم کە خەڵک لە ئەنجام دا توانیان رژێمی ئەسەد بڕوخێنن. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە خۆکارانە هەموو شتێک لەم وڵاتە باش دەبێت. ئەوانەی کە ئێستا دەڵێن، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەسەد نەماوە، هەموو سوورییەکان دەنێرینەوە، بیرکردنەوەیان کورتە. دەبێت بارودۆخەکە بە وردیی چاودێری بکەین، ئایا دەتوانین لەوێ پێکهاتەی دیموکراسی دابمەزرێنین کە خۆکارانە کاربکات؟ باری ژیانی خەڵک چۆنە؟ تەنیا کاتێک ئاسایش دەستەبەر دەکرێت، دەتوانین بڵێین ئەوانەی لە سووریاوە هاتوون، دەتوانن بگەڕێنەوە. هەروەها زۆربەی سوورییەکان ئەمەیان دەوێت، ئەوان تەنیا دەیانەوێت بگەڕێنەوە. دەیانەوێت وڵاتەکەیان دووبارە بنیات بنێنەوە و دەبێت یارمەتیان بدەین لەمەدا. بەڵام تکایە ئاگاداربن کە بارودۆخەکە خراپتر نەبێت لە پێشوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی عەفرین

بەڕێوەبەری ئاسایشی عەفرین بۆ رووداو: قەدەخە لەسەر هیچ کەسێک نییە بگەڕێتەوە ماڵی خۆی

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا بەندکراوانی نێو زیندانەکانی عەفرین لە ماوەیەکی نزیکدا ئازاد دەکرێن؟ سەراقە ئەبو ئەحمەد رایگەیاند، لە عەفرین تەنیا هەندێک زیندانی ماون کە رێکارەکانی دادوەرییان ماوە تەواوی بکەن، "واتە زیندانییەکانی کە لەبەر هۆکاری سیاسی گیراون، نەماون." گوتیشی، بە گشتی سەیری هەموو زیندانییەکان دەکەن و هەوڵ دەدەن زیندانییەکانی نێو هەموو زیندانەکان ئازاد بکەن.