رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، رۆژی پێنجشەممە لە پاریس لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریکی، ئۆکراینی و ئەورووپی کۆبووەوە.
پاریس میوانداریی زنجیرەیەک گفتوگۆ لەبارەی ئۆکراینا و ئاسایشەکەی دەکات، کە تێیدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە، بەشدار دەبن.
ئەو کۆبوونەوانە لە کاتێکدان کە نیگەرانیی ئەورووپییەکان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رووسیا لە زیادبووندایە.
کۆبوونەوەکان دوای چەند هەفتەیەک لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ نێوەندگیریکردن لە نێوان ئۆکراینا و رووسیا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست دێن.
ئەورووپییەکان لە هەنگاوەکانی دیکەشی ئیدارەی ترەمپ بێزارن، لەوانەش سەپاندنی گومرگ بەسەر وڵاتانی ئەورووپی، رەخنەکانی لە ناتۆ و هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند.
نزیکەی 30 وڵات بە سەرۆکایەتیی بەریتانیا و فەرەنسا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەک پێکبێنن، تاوەکو لە ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست، هێزی سەربازی لە ئۆکراینا جێگیر بکەن.
سەرگرتنی هاوپەیمانێتییەکە بەندە بە پشتیوانیی ئەمریکا، لە کاتێکدا ئەو وڵاتانە بێ هێزی ئاسمانی یان هاوکاریی سەربازی دیکە، رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ هیچ بەڵێنێکی نەداوە پشتیوانییان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ