رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئێران و دەڵێت: "کاتی کەمتان ماوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی."
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، رافائێل گرۆسی رایگەیاند، "ئێمە لە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەی گفتوگۆکانداین و دەشزانین هێندە کاتمان لەبەردەمدا نەماوە؛ بۆیە من لێرەم تاوەکو پاڵ بە پرۆسەی گفتوگۆکانەوە بنێم".
قسەکانی گرۆسی لە دوای یەک رۆژ دێن لە سەردانە بەپەلەکەی بۆ ئێران و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کە هاوکات سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری گفتوگۆ ئەتۆمییەکانە لەگەڵ ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا.
رۆژی 12ـی ئەم مانگە یەکەم خولی دانوستاندن بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەت بەڕێوەچوو، هەردوولا بە " ئەرێنی و بنیاتنەر" وەسفیان کرد و بڕیاردرا 19ـی ئەم مانگە خولی دووەم بەڕێوەبچێت.
هێشتا شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، تاران سەرەتا گوتی هەر لە عومان دەبێت، دواتر گوتی لە شوێنێكی دیکە دەکرێت، بەڵام هەر بە نێوەندگیری عومانییەکان دەبێت. چەند بەرپرسێكی ئەورووپیش ئاماژەیان بە رۆما، پایتەختی ئیتالیا کردووە بۆ گفتوگۆکان.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە تارانەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەش لەگەڵ محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران گوتی،"ئێمە بە چڕی کاردەکەین و دەمانەوێت سەرکەوتووبین" دانیشی بەوەدا نا کە گەیشتن بە رێککەوتنێكی ئەتۆمی "ئاسان نییە".
پێش گەشتەکەی بۆ ئێران، گرۆسی لە چاوپێکەوتنێكیدا لەگەڵ میدیای فەرەنسی گوتی، "تاران هێندە دوور نییە لە گەیشتن بە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی؛ هاوشێوەی یاری مەتەڵ (پەزڵ) هەموو کەرەستەکانی هەیە تەنیا ماوەتەوە لە یەکیان بدات و کۆیان بکاتەوە".
سەبارەت بە لێدوانی فەرمیی ئێران کە "بە فەتوای رێبەری باڵا لە 2003ـوە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بە حەرام دادەنێن"؛ گرۆسی گوتی،"بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕت پێبکات، تەنیا قسە بەس نییە، دەبێت بە کرداریش بیسەلمێنیت".
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ گرۆسی، عێراقچی گوتی، "کۆبوونەوەیەکی بە سوود بوو، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەتوانێت لە چەند مانگی کەمی داهاتوودا رۆڵێکی گرنگ لە گەیشتن بە رێککەوتنێكی ئاشتییانە بۆ پەڕاوی ئەتۆمی ئێران".
داواشی لە گرۆسی کرد ئاژانسەکە لە سیاسەت دوور بخاتەوە تاوەکو رووبەڕووی "تێکدەران" ببێتەوە کە بە دوای لە رێچکەلادانی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانەوەن، بەبێ ئەوەی باس لە وردەکاری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ