رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی ئەڵمانیا پەسندکردنی گەڕاندنەوەی پەناخوازانی بۆ یۆنان راگەیاند. سیاسەتی ئەڵمانیا سەبارەت بە پەنابەران بەرەو تووندبوون دەچێت. لە ساڵی 2016ـەوە دیپۆرتکردنی پەناخوازان لە 2024 گەیشتە بەرزترین ئاست.
بەگوێرەی داتاکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا کە 16ی نیسان بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2024دا بە گشتی 66 هەزار و 751 پەنابەر لە ئەڵمانیا دیپۆرت کراون. ئەم داتایە پێشانی دەدات داوای مافی پەنابەریی 20 هەزار و 84 کەس قبووڵ نەکراوە و بۆ وڵاتانی دیکە دیپۆرت کراون.
زۆربەی پەناخوازان هەر لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیا رەتکراونەتەوە و پۆلیسی فیدراڵی رێگری کردووە لە چوونە نێو ئەڵمانیا.
ئەو هەرێمانەی کە زۆرترین ژمارەی دیپۆرتکراوان جێبەجێ دەکەن نۆردراین-ڤێستفالن 4 هەزار و 440 کەس، بایرن 3 هەزار 310 کەس و بادن-ڤورتمبێرگ دوو هەزار و 837 کەس.
یۆنان شوێنێکی گونجاوە بۆ پەنابەران
بە بۆچوونی دادگەی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا، دیپۆرتکردنی پەناخوازانی گەنجی سەربەخۆ بۆ یۆنان بێ کێشەیە و دەڵێت: ئەم پەناخوازانە لە یۆنان ناکەونە ژێر بارودۆخێکی نامرۆڤانە کە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپا بێت. "پێش ئەوەی ئەم پەناخوازانە بێنە ئەڵمانیا لە یۆنان داوای مافی پەنابەرییان کردبوو، بۆیە بۆ ئەو دەوڵەتە ئەوروپییە دیپۆرت دەکرێن."
داوای مافی پەنابەری گەنجێکی فەلەستینی تەمەن 34 ساڵ و یەکێکی سۆماڵی تەمەن 32 ساڵ، لەلایەن فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیاوە رەتکرایەوە. دواتر سکاڵای ئەم دوو داواکارە لە دادگەی کارگێڕی هەرێمی هێسەنیش سەری نەگرت. ئەم دوو پەناخوازە سکاڵای خۆیان گەیاندە بەرزترین دادگەی ئەڵمانیا. لە دوا قۆناخیشدا داواکەیان رەتکرایەوە.
بارودۆخی خراپ بۆ پەنابەران
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەم بڕیارانە رازی نین. بە بۆچوونی ئەوان رەوشی یۆنان و وڵاتانی دیکە بۆ پەنابەران ئاڵۆزە و جێگیر نییە.
رێکخراوی پرۆو ئازیول، بۆ مافی پەنابەرانی ئەڵمانیا رایگەیاند، 220 پەناخواز لە 2024دا لە ئەڵمانیاوە بۆ یۆنان گەڕێندراونەتەوە.
ژمارەی دیپۆرتکردن بەرەو زیادبوون دەچێت. بەپێی داتا فەرمییەکانی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2024دا 21 هەزار و 112 پەناخواز کە لە یۆنانەوە چوونەتە ئەڵمانیا، لەوێ داوای مافی پەنابەرییان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ