ترەمپ دەڵێت، 'پەلەم نییە' بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

17-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران پەلە ناکات. 
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جیۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆشکی سپی، ترەمپ هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی پشتڕاست نەکردەوە کە باسی لەوە کردبوو، سەرۆکی ئەمریکا رێگری لە ئیسرائیل کردووە تاوەکو هێرش نەکاتە سەر ئێران. 
 
ترەمپ لەو بارەیەوە گوتی: "ناڵێم پووچەڵمکردووەتەوە."
 
سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئێران، ترەمپ گوتی: "پەلەم نییە، چونکە پێموایە ئێران دەرفەتێکی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی مەزن. ئەوە بژاردەی یەکەممە. ئەگەر بژاردەی دوەم هەبێت، پێموایە بۆ ئێران زۆر خراپ دەبێت."
 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پێیوایە ئێران دەیەوێت گفتوگۆ بکات، گوتیشی: "هیوادارم بیانەوێت گفتوگۆ بکەن."
 
بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران رۆژی شەممەی رابردوو، لە عومان دەستیان بە دانوستاندن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران کرد. 
 
ترەمپ پێشتریش جەختیکردووەتەوە، دەیانەوێت بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکە سنوورداربکەن بۆ ئەوەی تاران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنێت، ئەگەر نا، هێرشی سەربازی دەکەنە سەری. 
 
بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، جارێکی دیکە بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی کۆببنەوە. 
 
ئێران رەتیدەکاتەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، بەڵام دوای ئەوەی کە ترەمپ لە ساڵی 2018، تاکلایەنانە ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە، ئێران گوڕی زیاتری بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دا و نزیکیکردەوە لەو ئاستەی کە چەکی ئەتۆمی پێ دروست دەکرێت. 
 
ئیسرائیلی هاوپەیمانی هەرە نزیکی واشنتن، داوای هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات. 
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە گەڕانەوە بۆ چەند سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی و ئەوانی دیکە، ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل پلانێکی ئامادە کردبوو، بۆ ئەوەی مانگی داهاتوو، هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام ترەمپ رازی نەبوو. 
 
بە گوێرەی رۆژنامەکە، بێ یارمەتیی ئەمریکا، ئیسرائیل نەیدەتوانی لە بەرامبەر هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران بەرگری لە خۆی بکات، هەروەها هێرشەکەیشی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان، سەرکەوتوو نەدەبوو. 
 
 دوای چەندین مانگ لە دانوستاندن، ترەمپ بڕیاریداوە کە لە بری هێرش، دانوستاندن لەگەڵ ئێران بکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە