ترەمپ: پەلەمان نییە لە رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەورووپا یان هەر لایەکی دیکە

18-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە جیۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کرد و هەردوولا پێکەوە نانی نیوەڕۆیان خوارد. 
 
ترەمپ گەشبینی خۆی پێشاندا کە لەگەڵ ئەورووپا لەسەر بابەتی بازرگانی و گومرگ، بگاتە رێککەوتن.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "100٪ رێککەوتنێکی بازرگانی دەکرێت. ئێمە رێککەوتنی دادپەروەرانە دەکەین،" بەڵام راشیگەیاند، "پەلەمان نییە لە رێککەوتن لەگەڵ ئەورووپا یان هەر لایەنێکی دیکە، کێشەی زۆر کەممان دەبێت."
 
پێشتر هەر لە رۆژی پێنجشەممەدا، بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو، لە بازرگانیی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا، نایەکسانیی گەورە هەیە، هێندەی ئەمریکا کاڵا لە یەکێتیی ئەورووپای دەکڕێت، یەکێتییەکە لە ئەمریکای ناکڕێت، "ئەوەش سەرۆکی بێزار کردووە."
 
میلۆنی یەکەم سەرکردەی ئەوروپییە پاش سەپاندن و هەڵگرتنەوەی 20٪ گومرگ بەسەر هاوردەی ئەورووپیدا، رووبەڕوو لەگەڵ ترەمپ کۆبێتەوە.
 
کۆبوونەوەکەیان لە خاڵێکی هەستیاری جەنگی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی دیکەدا دێت. 
 
خانمە سەرۆکوەزیرانەکە بە نوێنەرایەتیی ئیتاڵیا و یەکێتیی ئەورووپاش گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپ دەکات. 
 
یەکێتی ئەورووپا بەرگری لە پەیوەندیی بازرگانیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا دەکات و بە "گرنگترین پەیوەندیی بازرگانی لە جیهاندا" دایدەنێت، کە قەبارەی ساڵانەی دەگاتە 1.8 ترلیۆن دۆلار. 
 
لە نێو یەکیتیی ئەورووپادا، دەسەڵاتی دانوستاندن و واژۆکردنی رێککەوتنی بازرگانی، لە دەستی کۆمیسیۆندایە، کە دامەزراوەی جێبەجێکاری یەکێتییەکەیە.
کۆمیسیۆنەکە پاڵپشتی لە رێککەوتنێکی بێ گومرگ لەگەڵ واشنتن دەکات.
 
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، لە گفتوگۆکانیاندا هێشتا پێداگرن، کە لانیکەم 10٪ گومرگ بەسەر هەموو هاوردەی بیانیدا دەسەپێنێت. 
 
ترەمپ بۆ ماوەی 90 رۆژ گومرگی سەرەتایی 20٪ی لەسەر بەرهەمەکانی یەکێتیی ئەورووپا راگرت، تاوەکو دانوستاندنەکان دەگەنە ئەنجام.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە