رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، نزیکەی 80 هەزار دۆلار بۆ هەڵمەتێکی بانگەشە و ریکلام بۆ ساردکردنەوەی کۆچکردنی هاونشیتمانییانی هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 06ـی نیسانی 2025، میدیای بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، بڕی 60 هەزار پاوەند کە دەکاتە نزیکەی 80 هەزار دۆلار، تەرخانیکردووە بۆ ریکلامکردن و بانگەشە دژی کۆچکردنی هاونیشتمانیان بۆ بەریتانیا، بەشێوەیەکی نایاسایی.
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، وەزارەتی ناوخۆ؛ نزیکەی 30 هەزار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ ریکلامکردن لەدژی کۆچکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەنێو ریکلامەکاندا کەسانێک باس لە مەترسی ئەو رێگەیە دەکەن.
نزیکەی 25 هەزار دۆلار بۆ لێکۆڵینەوە و کاری پەرەپێدان و نزیکەی 15 هەزار دۆلاریش تەرخانکراوە بۆ ئەوەی ڤیدیۆکانی ریکلامەکان بڵاوبکرێنەوە.
حکومەتی بەریتانیا بەهیوایە ئەو هەڵمەتی میدیاییە، ئەو هەڵەتێگەیشتن و بڵابوونەوەی زانیارییە هەڵەیە کە لەلایەن باندە قاچاخچییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، رێگری بکات لەوەی هاونیشتمانییان لە رێگەی بەلەمی چووپەوە روو لە بەریتانیا بکەن.
ئەو هەڵمەتە میدیاییە لەدوای ئەوە دێت، مانگی تشرینی دووەمی رابردوو حکومەتی بەریتانیا دوو رێککەوتنی لەگەڵ هەریەک لە هەرێمی کوردستان و عێراق واژۆ کرد، بەمەبەستی هاوئاهەنگی زیاتر و رووبەڕووبوونەوەی باندەکانی قاچاخچی بە کۆچبەرانەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی بەریتانیا ساڵی رابردوو 12 هەزار و 763 کۆچبەر لە عێراق، سووریا، ئێران و تورکیاوە چوونەتە بەریتانیا. زۆربەی ئەو کۆچبەرانەش کورد بوون، هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ناوی وڵاتەکە تۆمار دەکات، نەک نەتەوە.
لەگەڵ ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، هەندێک لە هاونیشتمانییان لە بەریتانیا خۆیان وەکو ئێرانی یان سووریایی تۆمار دەکەن بۆ بەهێزکردنی کەیسەکانیان تاوەکو چانسی پێدانی مافی مانەوەیان بەهێزتر بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ