وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی خامنەیی دەگەیێنێتە پووتین

18-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
 
عێراقچی بە سەردانێکی دوو رۆژەی فەرمی لە مۆسکۆیە. 
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن پێشتر رایگەیاندبوو، عێراقچی نامەیەکی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەیێنێتە دەستی پووتین. 
 
بڕیارە عێراقچی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیاش کۆبێتەوە. 
 
چاوەڕواندەکرێت لە کۆبوونەوەکانیاندا، باس لە گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتن لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە بکەن. 
 
شەممەی رابردوو لە عومان، عێراقچی سەرکردایەتیی شاندی دانوستاندنکاری ئێرانی کرد و لەگەڵ ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبووەوە. بڕیارە شەممەی داهاتوو، جارێکی دیکە لە رۆما کۆببنەوە. 
 
هەردوو لا گفتوگۆکەیان بە "ئەرێنی و بەرهەمدار" ناوبردن. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی بە ئێرانی هاوپەیمانی رووسیا داوە، ئەگەر بە رێککەوتن سنوورێک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی دانەنێن، ئەوا بنکە ئەتۆمییەکانی بۆردوومان دەکات. 
 
رووسیا پێشتر پشتیوانیی خۆی بۆ دانوستاندنەکان دەربڕیبوو. 
 
رۆژی پێنجشەممە، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، گوتی، خەریکە ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، کاتیان بەدەستەوە نامێنێت. 
 
گرۆسی لە سەردانێکدا لە تاران گوتی: "ئێمە لە قۆناخێکی زۆر هەستیاری ئەم دانوستاندنانەداین. دەزانین کە زۆر کاتمان نییە، بۆیەشە لێرەم تاوەکو ئاسانکاری بۆ ئەم پڕۆسەیە بکەم."
 
محەممەد سەلامی، بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا گوتی: "ئێمە کۆڵنەدەرانە کاردەکەین و دەمانەوێت سەرکەوتوو بین،" هەروەها دانی بەوەدا نا کە گەیشتن بە رێیکەوتن "پڕۆسەیەکی ئاسان نییە". 
 
رۆژی چوارشەممە، گرۆسی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە. عێراقچی لە یەکەمین کۆبوونەوەدا لەگەڵ سیتڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، سەرکردایەتیی شاندی ئێرانی کرد. 
 
وەزیرەکە گوتی، کۆبوونەوەیەکی "سوودبەخش"ی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەبووە. 
 
عێراقچی گوتی: "ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەتوانێت رۆڵی ئاشتیانە لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا بگێڕێت."
 
عێراقچی داوای لە گرۆسی کرد، "ئاژانسەکە لە سیاسەت دووربکاتەوە" و بەگژ ئەوانەدا بوەستێت کە هەوڵی "بەلاڕێدابردنی دانوستاندنەکانی ئێستا دەدەن." 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلیسێکی پاکستانی لە ناوچەی کوێتا، رۆژی 5-2-2024. وێنە: AFP

پۆلیسی پاکستان: گرووپێکی چەکدار پێنج پۆلیسیان رفاند

بەرپرسێکی پۆلیسی پاکستان رایگەیاند، شەوی هەینی گرووپێکی چەکدار رێگەیان بە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس گرتووە کە ژمارەیەک زیندانییان دەگواستەوە. دەشڵێت، چەکدارەکان زیندانیەکانیان ئازادکرد و پێنج پۆلیسیشیان رفاند.