پێنتاگۆن: کاری هاوبەشمان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامە

12-12-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک لە هاوبەشییەکەیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رووینەداوە. دەشڵیت لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی درۆنێکی سەربازی ئەمریکای لە باکووری سووریا دەکەن، کە دەگوترێت بە هەڵە لەلایەن هەسەدەوە خراوەتە خوارەوە.
 
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) چوارشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2024) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لە وەڵامی ئەو پرسیارە 'ئایا لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە) روویداوە؟' رایگەیاند هاوبەشییەکانیان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامن. 
 
سابرینا سینگ گوتی  "هیچ گۆڕانکارییەک لە هاوبەشییەکەمان لەگەڵ هەسەدە رووینەداوە، لەبارەی دڵنیابوون لە شکتپێهێنانی داعشەوە. بینیشتان لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، سێنتکۆم بۆردوومانی پێگەکانی داعشی لە بیابانەکانی سووریا کرد، وەک بینیشتان سەرەتای ئەم هەفتەیەش ژەنەرال کۆرێلا فەرماندەی سێنتکۆم سەردانیکردن." 
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد لەگەڵ لایەنی تورکی بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی باکووری سووریا، لە دوای شەڕ و پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەگەڵ هەسەدە، بەتایبەتی لە ناوچەی منبج کە رۆژی سێشەممە، هەسەدە رایگەیاند بەنێوەندگیریی ئەمریکا، هێزەکانیان لەو ناوچەیە کشاونەتەوە. 
 
سینگ گوتی "گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی تورکی بەردەوامن. تورکیاش لەنێو سووریاوە رووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە و مافی خۆیانە خۆیان بپارێزن. ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنی تورکیا، تاوەکو هانیان بدەین هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لەو ناوچەیە روونەدات. هەڵسەنگاندنی ئێستامان ئەوەیە؛ هەسەدە لە منبج چالاک نەماوە."
 
سەبارەت بە دروستبوونی مەترسی بۆ سەر کامپەکانی هۆل و رۆژ لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە بە هەزاران چەکدارانی پێشووی داعش و کەسوکاریانیانی تێدایە، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، "هیچ مەترسییەک نییە و گرتووخانەکان هەر لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەن."
 
چەند میدیایەکی ئەمریکی بڵاویانکردەوە رۆژی دووشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2024، درۆنێکی ئەمریکی بە هەڵە لەلایەن هەسەدەوە تێکشکێندراوە، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن تێکشکانی درۆنەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، "دەزانین درۆنێکی جۆری ئێم کیو - 9 ریپەر، لە ناوچەکە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام ئێستا لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەداین بۆیە ناتوانم هۆکاری کەوتنەخوارەوەکەتان پێ بڵێم." 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە